ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو بۆ ده‌سه‌ڵاتداران: له‌ناو خۆتاندا شه‌ڕتانه‌ له‌سه‌ر كولێره‌ و كورسی


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان رووبه‌ ده‌سه‌ڵاتداران رایگه‌یاند كه‌ له‌پاش 30 ساڵ له‌ حوكمڕانیتان، ئه‌م هه‌موو سامان و سه‌روه‌ته‌ سروشتیه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ناتوانن ئاوی پاك و كاره‌با و نه‌وت دابین بكه‌ن، ده‌شڵێت: "له‌ناو خۆتاندا شه‌ڕتانه‌ له‌سه‌ر كولێره‌ و كورسی".


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 8/10/2024،  سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، له‌گه‌ڵ ڕێكخستنه‌كانی كه‌لار و ده‌ربه‌ندیخانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ كۆبوویه‌وه‌ و په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ "ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ڵبژێردراون و مۆڵه‌تدراون، وامانزانی  دڵسۆزی ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌بوو كه‌ ئێستا هه‌ن و وڵاتتان دابه‌ش كرد، خۆتان دابڕیوه‌ له‌ هه‌موو دنیا و له‌ناو خۆتاندا شه‌ڕتانه‌ له‌سه‌ر كولێره‌ و كورسی و میلله‌تان دابه‌شكردووه‌ و ناعه‌داله‌تی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ له‌ هه‌موو كایه‌كاندا و گه‌نج ئاواره‌ بووه‌ و ئاواره‌ ئه‌كرێت و چه‌ندین كه‌موكوڕی دیكه‌ به‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی گرتووه‌".

سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین بۆ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێت: "له‌پاش 30 ساڵ له‌ حوكمڕانیتان به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هه‌موو سامان و سه‌روه‌ته‌ سروشتیه‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌هه‌ده‌ر دراوه‌ و ناتوانن ئاوی پاك و كاره‌با و نه‌وت كه‌ هه‌موو كوردستان نه‌وته‌ دابین بكه‌ن".

وتیشی‌: "زستان به‌ سه‌رما و هاوین به‌ گه‌رما خه‌ڵكی تووشی ناڕه‌حه‌تی ئه‌كه‌ن، له‌دوای 100 ساڵ له‌ قوربانی گه‌له‌كه‌مان كه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ له‌ شاخ میلله‌ت چاوه‌رێی خۆشگوزه‌رانی بوو، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رچوو..".

هه‌ر له‌و دیدارانانه‌دا، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "ئێمه‌ وه‌كو یه‌كگرتوو ئه‌ركمان ئه‌وه‌یه‌ خوا له‌ خۆمان رازی بكه‌ین و خزمه‌تكاری خه‌ڵك بین، مێژووی 30 ساڵی خه‌بات و كارمان له‌خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مان شاهیده‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌ڵێنێكمان دابێت جێبه‌جێمان  كردووه‌ و حزب و خه‌ڵكی خۆمان كرده‌ قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی له‌ سته‌مكاران نه‌كه‌ین..".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "نوێنه‌ره‌كانی ئێمه‌ له‌ رابردوو سه‌لماندیان دڵسۆزانه‌ و چاونه‌ترسانه‌ و  بوێرانه‌ پۆست و پله‌ ده‌كه‌نه‌ قوربانی خه‌ڵك، بۆ ئه‌م خوله‌ش ئه‌و پۆله‌ پاڵێوراوه‌ی كه‌ هه‌ڵمانبژاردوون ئومێدی گه‌وره‌مان پێیانه‌ كه‌ په‌رله‌مان بكه‌نه‌ مینبه‌ری داكۆكی له‌ مافی هاوڵاتیان به‌گشتی و هه‌ژار و نه‌داران به‌تایبه‌تی،  بۆیه‌ داوا له‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و گه‌رمیانییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌كه‌ین بۆ گه‌راندنه‌وه‌ی مافه‌كانتان و داكۆكی له‌ داواكارییه‌كانتان ده‌نگ به‌ لیستی ژماره‌ ١٤٨ی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان بده‌ن".

سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ "خه‌ڵك رازی كردن مه‌نهه‌ج نییه‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵك مه‌نهه‌جی ئێمه‌یه‌، له‌ساڵی 1998ه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ بێباوكان به‌خێو ئه‌كه‌ین كێ ئه‌م ئیشه‌ گه‌ورانه‌ی كرد؟ كێ داهێنه‌ری ئه‌م خزمه‌ته‌ گه‌وره‌ و پیرۆزانه‌ بوو؟؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كگرتوو بوو..... ئه‌وانه‌شی په‌روه‌رده‌مان كردن ته‌مه‌نیان گه‌یشتووه‌ته‌ 40 ساڵ له‌كه‌سمان نه‌پرسی سه‌ر به‌ كێن و له‌ چ بنه‌ماڵه‌یه‌كن و له‌ چ لایه‌نێكن..".


PM:09:00:08/10/2024






ئه‌م بابه‌ته 1996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت