تۆمارێکی دەنگی گڕی زیاتر بەردەداتە بانگەشەی پارتی و یەکێتییەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024، لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە بە زمانی ئینگلیزی قسەدەکەن و ژێرنووسی کوردی بۆ کراوە، بەپێی ئەو ڤیدیۆیە بێت کە بڵاوکراوەتەوە، لە پەیوەندییەکەدا باس لە ساختەکاری و داڕشتنی پلانێک بۆ زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتیی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەکرێت.


وێستگەنیوز، تائێستا بۆی دەرنەکەوتووە ئەم تۆمارە دەنگییە راستە، یان دەچێتە چوارچێوەی دەنگۆڕین بەزیرەکی دەستکردەوە، لەم ڕوانگەوە پشت بەخەڵکی پسپۆڕ دەبەستێت.

میدیاکان بوون بەسێ بەشەوە، بەشێکیان ئەوانەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە وەک هەواڵێکی راست مامەڵەیان لەگەڵکرد، بەشەکەی تریشیان کەسەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستانن بەتوندی ڕەتیانکردەوەو رەخنەیان لەدروستکردنی گرت، هەرچی بەشی سێیەمە کە میدیای دیکەن و تاڕادەیەک سەربەخۆن یەکسەر بەبێ بەدواداچوون و رای بەرامبەر کە تۆمەتی ئاراستەکراوە بڵاویانکردەوە.

قوباد تاڵەبانی لەبارەی ئەم تۆمارە دەنگییەوە لەبەردەم ژمارەیەک ڕیش سپی و دەڤەری پشدەر بە پێکەنینەوە وتی "بە کۆمپیوتەر دەستکاری دەنگی من و کاک بافڵیان کردووە"

قوباد تاڵه‌بانی به‌بێ بنه‌ما وه‌سفیده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "پارتی كه‌ ناتوانێت له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان ساخته‌كاری بكات، ته‌زویری له‌ ده‌نگی من و كاك بافڵ كردوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات پارتی دۆڕاوه‌ و رۆحی چووه‌".

وتیشی، "دەنگێكی درۆیان تۆماركردوه‌ به‌به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر كه‌ گوایه‌ من و كاك بافڵ به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ ده‌كه‌ین له‌كاتێكدا ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نیه‌ هه‌ركه‌سێكیش عه‌قڵی هه‌بێت ده‌زانێت ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌".

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆنفرانسی لیستی یەکێتی لە ئیدارەی گەرمیان بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە میانەی پێشکەشکردنی وتەکانیدا وەڵامی هەبێت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و روونکردنەوە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە بدات.

لای خۆشییەوە کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی یەکێتی بڕیارە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بکات و لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە قسەبکات.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، "ئەمەی پارتی بڵاویکردووەتەوە زیرەکی (دەستکرد)یش نییە، ئەمە زیرەکی (دەستکورتە)، فاشلن لە کیلپ، لە سیناریۆ، لە مۆنتاج و فیلمی هیندیش ، بە خوا کەڵکی هیچیان پێوە نەماوە".

هەروەها دڵشاد ئەنوەر، رۆژنامەنووس لەبارەی تۆمارە دەنگییەکەوە نووسیویەتی، "میدیای نزیک لە پارتی دەڵێت، 100 هەزار دەنگی حەشدی شەعبی بۆ یەکێتی ئامادەکراون، پاشان تۆمارێ دەنگییان بڵاوکردووەتەوە گوایە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی باس لە دیزاینی پێش وەختە دەکەن، دواتر دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، هەڵبژاردن دیزاین کراوە".

ئەو رۆژنامەنووسەش دەڵێت، "ئەو شتانە ڕاستن یان ناڕاستن ڕەنگە کاری ئێمە نەبێت و باشترە خەڵکی پسپۆڕی بواری ئای تی و هەڵبژاردن قسەی لەسەر بکات، بەڵام دۆخەکە بۆنی ئاڵۆزی ، بۆنی ئامادەکاری بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن ی لێ دێت، تا ئەو ئاستەی ئایا هەڵبژاردن دەکرێ یان شکستی پی دەهێنرێت رۆژانی داهاتوو وەڵاممان دەست دەکەوێت".

بانگەشەی هەڵبژاردن، لە 25ی ئەیلولی 2024مەوە دەستپێکردوە و تا بەرەبەیانی رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2024 بەردەوام دەبێت، بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی یەکەی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.


PM:03:37:08/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت