قوباد تاڵه‌بانی: كۆتایی به‌و سته‌مه‌ ده‌هێنین كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌شیره‌ته‌كانی سنووری بادینان ده‌كرێت


وێستگه‌نیوز-
لێپرسراوی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "كۆتایی به‌و سته‌مه‌ ده‌هێنین كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌شیره‌ته‌كانی سنووری بادینان ده‌كرێت".


قوباد تاڵه‌بانی، لێپرسراوی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌ ماڵی مام جه‌لال له‌ قه‌زای دوكان پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك پیاوماقوڵ و كه‌سایه‌تی ناسراوی عه‌شیره‌تی هه‌ركی كرد و له‌ دوای ئێواره‌خوانێك، به‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌شیره‌تی هه‌ركی راگه‌یاند كه‌ "وه‌كچۆن تا ئه‌و كاته‌ی مام جه‌لال له‌ ژیاندا بوو، ئه‌م ماڵه‌ ماڵی ئێوه‌ و هه‌موو عه‌شیره‌ته‌كانی كوردستان بوو، ئێستا و له‌ داهاتووشدا، ماڵی مام جه‌لال ماڵی خۆتانه‌ و ئێوه‌ له‌م ماڵه‌دا نه‌ك هه‌ر میوان نین به‌ڵكو خۆتان خانه‌خوێن".

 دواتر باسی له‌ گرنگیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و رایگه‌یاند "ئه‌مجاره‌ لایه‌نێكی سیاسی ناتوانێت به‌ ساخته‌كردنی ده‌نگی مردوو و ئاواره‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بباته‌وه‌".

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ "ئه‌م یه‌كێتییه‌ی ئێستا دوای سێ ساڵ له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌، یه‌كێتییه‌كه‌ی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نییه‌، به‌ڵكو یه‌كێتییه‌كی به‌هێز و خاوه‌ن بڕیار و ئیراده‌یه‌ و له‌ هه‌موو كات زیاتر ئاماده‌یه‌ بۆ تۆماركردنی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ و گۆڕینی شێوازی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، قوباد تاڵه‌بانی باسی دۆخی عه‌شیره‌ته‌كانی كرد و رایگه‌یاند "ئێمه‌ به‌ وردی ئاگاداری ئه‌و زوڵم و زۆره‌ین كه‌  به‌رامبه‌ر به‌ عه‌شیره‌ته‌كان و هه‌ر كه‌سێك ده‌كرێت كه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بیر ناكاته‌وه‌".

وتیشی: "یه‌كێتی خۆی به‌ پشتیوان و داكۆكیكاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و سنووره‌ ده‌زانێت و له‌ دوای سه‌ركه‌وتن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كۆتایی به‌و سته‌م و جیاكارییانه‌ ده‌هێنێت.

قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بادینان و عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و سنووره‌ له‌ڕێی ده‌نگدانه‌وه‌ سزای هێزی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ناوچه‌یه‌ بده‌ن".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پیاوماقوڵ و كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌شیره‌تی هه‌ركی باسیان له‌و "زوڵم و سته‌مانه‌ كرد كه‌ پارتی له‌و سنووره‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی هه‌ركی و عه‌شیره‌ته‌كانی زێباری، سورچی، رێكانی، به‌رواری، شێروانی، سندی و مزوری و برادۆستی و.. ده‌یكات" و جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێنن.



PM:10:58:07/10/2024
























ئه‌م بابه‌ته 2080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت