مەسرور بارزانی بۆ لایەنەکان: فێر بن؛ پارتی ناشکێت
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری حزبەکەی لە زاخۆ رایگەیاند، "ئەو لایەنانەی دروشمی ڕووخاندن و تێکدان و شکاندنیان هەڵگرتووە، با لە مێژوو و گەورەکانی خۆیان فێربن پارتی ناشکێت."
ئەمرۆ دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری زاخۆ بۆ ناساندنی کاندیدانی حزبەکەی رایگەیاند: پاش دوو هەفتەی دیکە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووساز دەچین کە داهاتووی وڵات و پاشەڕۆژی وڵاتەکەمان دیاری دەکات، دەنگی ئێوە و بڕیاری ئێوە شێوازی حکومڕانی چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەکەمان دیاری دەکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پارتەی لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە بۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ئەمڕۆش بەردەوامە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێناسەی نەتەوەیی کوردستانی، پارتی دیموکراتی لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ بە پشتیوانی ئێوە بەردەوام دەبێت، پارتی هەر یەکەم بووە و هەر یەکەمیش دەبێت."
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد: "پارتی هەوڵیداوە کوردستان سەرکەوێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بێنە دەست، ناحەزانی پارتیش پێشتر بەجۆرێک دژایەتی پارتیان دەکرد و پیلانیان دادەڕشت، ئێستاش بەجۆرێکی دیکە پیلان دادەڕێژن، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورە لە 20ـی ئۆکتۆبەر ئەو پیلانانە لەناو دەبەین و پارتی هەر یەکەم دەبێت."
باسی لەوەشکرد، "هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و زەحمەتی و ماندووبوونی ئەو گەلەیە، لەناو ببرێت یاخود لاواز بکرێت، گەلێک لایەنی ئەمڕۆ دروشمیان هەڵگرتووە و داوای دەنگی خەڵکی کوردستان دەکەن، دوێنێ و پێرێ پیلان دادەڕێژی ئەو قەوارەیە نەمێنێت، دوێنێ و پێرێ هەوڵیدا لەگەڵ دەستی دەرەکی دەستی خۆی تێکەڵ کرد، هەوڵیدا مافی خەڵکی کوردستان ڕادەستی بەغدیان کرد و خەڵکی کوردستان تووشی شکست بکەن، بەڵام پارتی ڕێگەی نەدا، ئێستا دێن بە شێوازێکی دیکە قسە لەگەڵ خەڵک دەکەن، بەڵام خەڵک هۆشیارە دەزانێت ڕابردووی هەمووان چییە و دەنگ دەداتە کێ."
لە کۆتاییشدا جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان سیاسییەکان کرد و رایگەیاند، "پەیامی ئێمە بۆ هەموو لایەنێک کە هەوڵی شکاندنی پارتی داوە، بۆ هەموو ئەوانەی خەونیان بە شکاندنی پارتیەوە دەبینی، بەوان دەڵێین: ئەوانەی هەوڵی شکاندنی پارتییان دا، تووشی شکست بوون، فێر بن، مێژوو فێر بن، پارتی ناشکێت."
PM:06:18:07/10/2024
ئهم بابهته 960
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت