مەسرور بارزانی: هەرکەسێک ویستی تێکدانی ئەم وڵاتەی هەبێت پێیان دەڵێین ناتوانن


وێستگەنیوز-


جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "زۆر بەرنامە و پیلان داندران بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، بەڵام شکستیان هێنا".


ئەمڕۆ شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024 مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێورەسمی بانگەشەی هەڵبژاردن لە دهۆک رایگەیاند، "هەرکەسێک ویستی تێکدانی ئەم وڵاتەی هەبێت پێیان دەڵێین ناتوانن، هەروەها لەکاتی قەیرانەکان جگە لە پارتی هیچ لایەنکمان نەدی لەگەڵمان بێت".


ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵبژاردن هەموو کاتێک چارەنووسسازە بۆ وڵاتەکەمان، بۆ هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەکیش، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کاتی هەڵبژاردنەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان زۆر گرنگە، دەزانین ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، پێشتریش هەوڵی بەرنامە و پیلانی زۆر هەبوون لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە پشتیوانی خودا و خۆڕاگریی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان ئەو قەیرانەمان تێپەڕاند، بەڵام بۆ داهاتوو پێویستمان بە بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە، بە دەنگی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی وڵاتەکەمان چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت".


مەسرور بارزانی وتی، "لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەر کەسێک بڕیاری خۆی لە بەرژەوەندی وڵاتی خۆی بدات، بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆ داهاتووی میللەتی خۆی، بۆ داهاتووی منداڵەکانی خۆی، داهاتووی وڵاتی خۆی، پێویستە هەر تاکێک کە مافی دەنگدانی هەیە، ئامادەبێت بۆ دەنگدان و بچێت دەنگ بدات، ئەو کەسەی دەنگ نەدات، دڵنیابن خەڵکێکی دیکە لەبری ئێوە دەنگ دەدات کە ڕەنگە ئەنجامەکەی بە دڵی ئێوە نەبێت".


وتیشی، "لەبەر ئەوە پارتی بێ منەتە، چونکە لەو باوەڕەیە وەک حزبێکی رزگاریخوازی کورد و کوردستانی، هەر کەسێک و هەر تاکێک، هەر ئایین و نەتەوەیەک بێت، جێی لەنێو پارتیدا دەبێتەوە، لەبەر ئەوە چەندی دەنگدەری ئەو هەڵبژاردنە زیاتر بن، باوەڕی ئێمە وایە دەنگی پارتی زیاتر بێت، لەبەر ئەوە هیوادارم هەمووتان بچنە دەنگدان".


مەسرور بارزانی دەشڵێت، "پارتی لە دەستپێکی خەباتی سیاسی خۆیدا تاوەکو ئێستا، هەموو کاتێک چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەکان لە کوردستاندا، هەمیشە حزبێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە".



PM:04:59:05/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت