سۆران عومه‌ر باس له‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ رێگری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ته‌وتینی‌ مووچه‌ ده‌كات


وێستگه‌نیوز-

بانكی ناوه‌ندی عێراق ئاشكرای ده‌كات كه‌ گرێبه‌ستی "هه‌ژماری من" لای ئه‌وان نییه‌، ده‌شڵێت: "ته‌وتینیش له‌وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ بۆ بانكی حكومییه‌ پاشان بانكی ئه‌هلی نه‌ك پاره‌ بدرێت به‌وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم"، سۆران عومه‌ریش پێیوایه‌ ئه‌مه‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رێگری‌ له‌ ته‌وتین ده‌كات.

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌، رایگه‌یاند كه‌ "به‌رده‌وامم له‌سه‌ر به‌دواداچون بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبه‌ت به‌ توگین بۆ ئه‌ول مه‌به‌سته‌ به‌نوسراوی ژماره‌ (٨١٢/د له‌ ٢٢/٧/٢٠٢٤) داوام له‌بانكی ناوه‌ندی عێراق كرد ئه‌و گرێبه‌سته‌مان بۆ بنێرێت كه‌له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و بانكه‌ ئه‌هلیه‌كانی هه‌ژماری من هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، بانكی ناوه‌ندی به‌نوسراوی ژماره‌ (٩/٥/١١٤٥٥٥ له‌ ٢٤/٩/٢٠٢٤) ده‌ڵێ ئه‌و گرێبه‌سته‌ لای ئێمه‌ نییه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت: "هه‌روه‌ها داوامكرد ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ چییه‌ كه‌ له‌بانكه‌ ئه‌هلیه‌كانی هه‌ژماری من فه‌رمانبه‌ران ده‌توانن لێی سودمه‌ند بن، بانكی ناوه‌ندی ده‌ڵێ ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی خودی بانكه‌ ئه‌هلیه‌كه‌ بدرێت به‌ فه‌رمانبه‌ران".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ تایبه‌ت به‌ ته‌وتین بانكی ناوه‌ندی ده‌ڵێت: "ته‌وتین له‌وزاره‌تی دارایی بۆ بانكی حكومی له‌وێشه‌وه‌ بۆ بانكی ئه‌هلیه‌".

سۆران عومه‌ر راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌م جۆره‌ چیتر وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم پاره‌ی موچه‌ نابینێت، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم ته‌وتین ناكات".

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی پرۆژەكه‌ وه‌ك حكومه‌ت رایگه‌یاندووه‌ ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر له‌ فەرمانبەر و كارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی هەرێمی بکاتەوە.


PM:12:06:05/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 3216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت