له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیپلۆماسی ئاڵۆزدا ژنێكی ئێزدی له‌ غه‌ززه‌ رزگار كرا


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ژنێكی ئێزدی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ی‌ فه‌له‌ستین رزگاركردووه‌ كه‌ قوربانییه‌كی ده‌ستی داعشه‌ و خه‌ڵكی شنگاله‌.


ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ زاری‌ وته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ به‌رواری 1ی تشرینی‌ یه‌كه‌می 2024، ئه‌مریكا هاوكار بوو بۆ گواستنه‌وه‌ی ژنێكی گه‌نجی ئێزدی به‌ سه‌لامه‌تی له‌ غه‌ززه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خێزانه‌كه‌ی له‌ عێراق شادببێته‌وه‌".

وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بهێندرێت ده‌ڵًێت: "چیرۆكی ئه‌م ژنه‌ زۆر دڵته‌زێنه‌ و خۆشحاڵین كه‌ به‌ خێزانه‌كه‌ی له‌ عێراق شاد ده‌بێته‌وه‌".

وتیشی‌: "داواكارین خه‌ڵك رێز له‌ ژیانی تایبه‌تی ژنه‌كه‌ بگرن بۆ سه‌لامه‌تی خۆی له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستانی یه‌كده‌گرێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌".

چیرۆكی رفاندنی ژنه‌كه‌

فه‌وزیه‌ ئه‌مین سه‌یدیۆ ته‌مه‌نی 10 ساڵ بوو ئه‌و كاته‌ی ده‌عش له‌ مانگی 8ی ساڵی 2014 هێرشی كرده‌ سه‌ر شنگال و وه‌كو كۆیله‌ی سێكسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرد.

فه‌وزیه‌ له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ برایه‌كی 7 ساڵی و برایه‌كی 10 ساڵان سه‌ردانی ماڵی مامیان كردبوو له‌ شه‌نگال. هه‌رسێكیان له‌گه‌ڵ هه‌زاران ئێزدی تر به‌هۆی ئێزدیبوونیان كران به‌ كۆیله‌.

دوای چه‌ند مانگێك براكانی فه‌وزیه‌ توانیان له‌ ده‌ست داعش رابكه‌ن، به‌ڵام داعش فه‌وزیه‌ی برد بۆ شاری ره‌قه‌ له‌ سوریا و له‌ زیندانیكدا رووبه‌ڕووی ئه‌شكه‌نجه‌ و ده‌ستدرێژی جه‌سته‌یی كرده‌وه‌.

دواتر چه‌كردارانی داعش به‌زۆر كردیان به‌ "هاوسه‌ری" داعشێكی فه‌ڵه‌ستینی كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نی 24 ساڵ بوو.

فه‌وزیه‌ كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌ به‌م شێوه‌یه‌ چیرۆكی ده‌ستدرێژیكردنی له‌لایه‌ن چه‌كداره‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌: "پیاوه‌كه‌ وتی ده‌بێت له‌گه‌ڵی بخه‌وم. له‌ رۆژی سێیه‌مدا، چوو بۆ ده‌رمانخانه‌یه‌ك و ده‌رمانێكی هێنا كه‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی بێهۆش كردم. ئه‌و ماده‌ی هۆشبه‌ری پێدام و منیش گریام"،

له‌پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی ساڵێك، ژیانی فه‌وزیه‌ وه‌رچه‌رخانێكی دیكه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی دوای ئه‌وه‌ی بوو به‌ خاوه‌نی كوڕێك. كاتێك منداڵه‌كه‌ی ته‌مه‌نی نزیكه‌ی دوو مانگ بوو، ئه‌و دووباره‌ دووگیان بووه‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان به‌ كچێكه‌وه‌.

له‌م كاته‌وه‌ فه‌وزیه‌ بڕیاریدا ژیانی خۆی بۆ دوو منداڵه‌كانی ته‌رخان بكات، سه‌ره‌ڕای توندوتیژی به‌رده‌وامی چه‌كداره‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كه‌ی داعش، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی پیاوه‌كه‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنێكی عه‌ره‌بیشدا كرد.

له‌ كۆتایی ساڵی 2018 كاتێك هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" كۆتاییان به‌ باڵاده‌ستی داعش له‌ باكوری رۆژئاوای سوریا هێنا، فه‌وزیه‌ كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نی 15 ساڵ بوو، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كه‌ پچڕا. دواتر زانی كه‌ چه‌كداره‌كه‌ چووه‌ بۆ پارێزگای ئیدلیب له‌ باكووری رۆژئاوای سوریا.

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2019، له‌ كاتێكدا فه‌وزیه‌ له‌گه‌ڵ چوار پیاو و ژنێك به‌ڕێگاوه‌ بوون بۆ ئیدلب، له‌ ناو ئۆتۆمبێل منداڵی دووه‌می له‌دایكبوو. دوای گه‌یشتنی به‌ ئیدلیب به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م، هه‌واڵی كوژرانی چه‌كداره‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كه‌ی پێگه‌یشت و ئیتر خه‌می فه‌وزیه‌ بوو به‌ ده‌ربازكردنی منداڵه‌كانی له‌شه‌ڕ.

فه‌وزیه‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ی كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ شنگال منداڵه‌كانی قبوڵ نه‌كه‌ن، بڕیاریدا به‌ره‌و غه‌ززه‌ كۆچ بكات. دوای مانه‌وه‌ی له‌ توركیا بۆ ماوه‌ی 8 مانگ، سه‌ره‌نجام له‌ ساڵی 2020 له‌ رێگه‌ی میسره‌وه‌ خۆی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان گه‌یانده‌ كه‌سوكاری چه‌كداره‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كه‌ له‌ غه‌ززه‌.

گیرخواردنی له‌ غه‌ززه‌

چالاكوانانی مافی مرۆڤ كه‌ كاریان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ كردووه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ "فه‌وزییه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ غه‌ززه‌ بوو به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دوو بژارده‌ی قورسدا ده‌جه‌نگا: یه‌كه‌م، ئایا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا بمێنێته‌وه‌ و به‌رگه‌ی ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانه‌ فه‌له‌ستینییه‌ بگرێت كه‌ توندوتیژی زۆریان به‌رامبه‌ری ده‌كرد؛ یان دووه‌م بژارده‌ بگرێته‌ به‌ر كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌ ئازیزه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌ شنگال".

له‌ مانگی 10ی ساڵی رابردوو، ئه‌و كاته‌ی شه‌ڕێكی خوێناوی له‌ غه‌ززه‌ سه‌ریهه‌ڵدا دوای هێرشه‌ خوێناوییه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل، فه‌وزیه‌ بڕیاری دا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو كه‌سوكاری.


ستیڤ مامان كه‌ بازرگانێكی جووله‌كه‌ی كه‌نه‌دییه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ هه‌وڵی رزگاركردنی كچانی مه‌سیحی و ئێزیدی له‌ ده‌ستی داعش ده‌دات، كه‌وته‌ هه‌وڵ له‌گه‌ڵ چه‌ند چالاكوانێكی شنگال و هه‌رێمی كوردستان بۆ رزگاركردنی فه‌وزیه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌تا ئێستا ئه‌مه‌ ئاڵۆزترین حاڵه‌ت بووه‌ كه‌ كارم له‌سه‌ر كردبێت".

پرۆسه‌ی فشارخستنه‌ سه‌ر به‌رپرسانی عێراق و ئه‌مریكا و ئیسرائیل كارێكی ئاڵۆز بوو بۆ چالاكوانان و چه‌ند مانگێكی خایاند.

چالاكوانان له‌ كاتێكدا چاوه‌ڕوانی بڕیاری كۆتایی ئیسرائیل بوون بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ په‌ڕینه‌وه‌ی فه‌وزیه‌ بدات له‌ غه‌ززه‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتدا هه‌وڵی رزگاركردنی فه‌وزیه‌یان ده‌دا له‌ده‌ستی خێزانه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كه‌.

نزیكه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر، فه‌وزیه‌ به‌ یارمه‌تی چالاكوانه‌كان توانی له‌ ماڵی كه‌سوكاری چه‌كداره‌ فه‌له‌ستینییه‌كه‌ رابكات و له‌ خانوویه‌كدا خۆی حه‌شار بدات له‌ ده‌روازه‌ی كه‌ره‌م شه‌ڵۆم كه‌ ته‌نها نزیكه‌ی 2 كیلۆمه‌تر له‌ سوپای ئیسرائیله‌وه‌ دووربوو.

چالاكوانان ده‌ڵێن پڕۆسه‌ی په‌ڕاندنه‌وه‌ی فه‌وزیه‌ ئه‌ركێكی له‌ پێشینه‌ نه‌بوو به‌لای حكومه‌تی ئیسرائیله‌وه‌، به‌ تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوپاكه‌ی له‌ شه‌رێكی فراواندایه‌ له‌گه‌ڵ حه‌ماس و گرووپه‌كانی تری سه‌ر به‌ ئێران. له‌ هه‌مانكاتدا، هاوكارییه‌كانی حكومه‌تی عێراق سنوورداربوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندیكردنێكی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

سوفیان واحید حه‌مۆ، چالاكوانێكی تری ئێزیدی، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "به‌رپرسانی عێراق له‌ ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی سه‌فه‌ركردنی ژنه‌كه‌ زۆر هاوكاربوون، به‌ڵام به‌هۆی یاساكانی عێراقه‌وه‌ له‌ڕووی دیپلۆماسییه‌وه‌ سنوورداربوون".

مانگی پێنجی ساڵی 2022 په‌رله‌مانی عێراق یاساكانی قه‌ده‌غه‌ی به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل فراوانتر كرد

به‌ گوته‌ی ستیڤ مامان، ئه‌وه‌ی دواجار بووه‌ هۆی بڕیاری كۆتایی و به‌په‌له‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا بۆ رزگاركردنی فه‌وزیه‌ بریتی بوو له‌ "ڕووداوێكی قووڵی نیگه‌رانكه‌ر" له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا. "فه‌وزیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خانوه‌كه‌ به‌ ته‌نیا پیاسه‌ی ده‌كرد، له‌وكاته‌دا كۆمه‌ڵێك پیاو ئازاریان داوه‌".

ڕزگاركردنی فه‌وزیه‌


له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌، تیمێك له‌ رێگه‌ی ئه‌مبولانسێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ فه‌وزییه‌یان له‌ غه‌ززه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ و له‌ رێگه‌ی خاڵی كه‌ره‌م شه‌ڵۆمه‌وه‌ بردیان بۆ ناو ئیسرائیل. به‌ وته‌ی ئه‌و چالاكوانانه‌، له‌ هه‌مان رۆژدا ژنه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئۆرشه‌لیم و دواتر له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ی پردی ئالنبی به‌ڕێكراوه‌ بۆ ئوردون.

سه‌لوان شنگالی، به‌رپرسی راسپێردراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ دۆسیه‌كه‌، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه‌ له‌كاتی پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌كه‌دا حكومه‌تی عێراق هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا نه‌به‌ستووه‌.

سه‌لوان شنگالی وتی: "باڵیۆزخانه‌كه‌مان له‌ عه‌ممان پێشوازی لێكرد و به‌ڵگه‌نامه‌ی گه‌شتی بۆ ئاماده‌كرد و فڕۆكه‌یه‌كی به‌كرێ گرت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ كارمه‌نده‌ ژنه‌كانی باڵیۆزخانه‌كه‌مان بگوازرێته‌وه‌ بۆ به‌غدا".

وتیشی‌: "هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ كاتی پرۆسه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوردن و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووه‌. ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌كردووه‌".

به‌ره‌به‌یانی رۆژی چوارشه‌ممه‌، فه‌وزییه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كه‌وه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا و پاشان له‌لایه‌ن تیمێكی هه‌واڵگری عێراقییه‌وه‌ به‌ره‌و موسڵ به‌ڕێكرا و له‌وێوه‌ راسته‌وخۆ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ زێدی خۆی له‌ شنگال.

بارزان برای فه‌وزیه‌ له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه‌ دایكی و خوشكی و دوو براكانی به‌په‌رۆشن بۆ بینینه‌وه‌ی فه‌وزیه‌ دوای 10 ساڵ دابڕان. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر باوكی "به‌هۆی ئازاری جیابوونه‌وه‌ی له‌ كچه‌كه‌ی" له‌ رێگه‌ی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد .

داهاتووی فه‌وزیه‌


بارزان وتی: "به‌خێرهاتنه‌وه‌ی ده‌كه‌ین سه‌رسه‌رمان و پشتگیری له‌ بڕیاره‌كه‌ی ده‌كه‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌و هیچ گوناهێكی نییه‌. له‌ قوڵایی دڵمه‌وه‌ سوپاسی هه‌ر مرۆڤێك ده‌كه‌م كه‌ یارمه‌تی رزگاركردنی خوشكه‌كه‌می داوه‌".

به‌ وته‌ی چالاكوانان، كرداره‌كانی داعش و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌سوكار بوونه‌ته‌ زه‌برێكی توندی ده‌روونی بۆ فه‌وزیه‌. ئێستا كه‌ به‌ كه‌سوكاری شادبووه‌ته‌وه‌ له‌ شنگال، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئازاری دابڕان له‌ منداڵه‌كانی مامه‌ڵه‌ بكات.

كوڕ و كچه‌كه‌ی فه‌وزییه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان هه‌شت بۆ شه‌ش ساڵدایه‌.

چالاكوانێكی نزیك له‌ كه‌یسه‌كه‌ به‌ مه‌رجی بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ناوی به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه‌ مه‌رجی وه‌رگرتنه‌وه‌ی فه‌وزیه‌ له‌لاین كه‌سوكاره‌كه‌ی بریتی بوو له‌ ده‌ستبه‌رداربوونی منداڵه‌كانی. وتیشی: "هیچ دایكێك ئاماده‌نییه‌ منداڵه‌كانی جێبهێڵێت. ئه‌و دوو منداڵه‌ له‌ ره‌حمی ئه‌وه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ژیانه‌وه‌".

ده‌سته‌ڵاتی ئاینی ئێزیدییه‌كان ساڵی 2019 بڕیاری دا ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی پیاوانی داعشه‌وه‌ له‌دایكبوون قبوڵنه‌كراون.

به‌ وته‌ی میرزا دینه‌یی چالاكوانی ئێزیدی ، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دوو هه‌زار و 745 ئێزیدی هه‌تا ئێستا بێسه‌روشوێنن.

به‌ بڕوای ستیڤ مامان و هاوڕێ چالاكوانه‌كانی، رزگاركردنی فه‌وزییه‌ هه‌نگاوێكه‌ به‌ مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی ژیان و كه‌رامه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی، هه‌روه‌ها په‌یامێكی باشی هیوایه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ شه‌ڕی ئیسرائیل و ئێران ده‌چێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌.

ستیڤ مامان رایگه‌یاند كه‌ "من جووێكم كه‌ په‌یڕه‌وی ئاینه‌كه‌م ده‌كه‌م؛ ئاماده‌بووم ژیانم بخه‌مه‌ لایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی كچێكی ئێزیدی بده‌م بۆ رزگاربوون. ناچاربووم په‌یوه‌ندییه‌كانم به‌كاربهێنم و شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بكه‌م چونكه‌ گواستنه‌وه‌ی فه‌وزییه‌ كارێكی ئاسان نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ كۆتاییدا ژیانێك رزگاركرا. ره‌نگه‌ له‌ڕێگه‌ی فه‌وزییه‌وه‌ مرۆڤگه‌لێكی ته‌واو نوێ سه‌رهه‌ڵبده‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش گرنگترین شته‌".


PM:04:00:03/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 3264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت