وته‌بێژی‌ پارتی‌: یه‌كێتی‌ پێیوایه‌ كه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ 50 به‌ 50 كه‌ ده‌مێكه‌ به‌سه‌رچووه‌


وێستگه‌نیوز-

وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ یه‌كێتی‌ پێیوایه‌ كه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ 50 به‌ 50، ده‌شڵێت: "سه‌رده‌می‌ په‌نجا به‌ په‌نجا ده‌مێكه‌ به‌سه‌رچووه‌".

مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاڤا میدیا ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتی‌ ماوه‌یه‌كه‌ توشی‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ته‌سه‌ور ده‌كات دیسان بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ 50 به‌ 50 و وشه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ زۆر به‌كارده‌هێنن و ده‌سته‌واژه‌ی‌ (ئه‌م ناهاوسه‌نگییه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت چاكی‌ بكه‌نه‌وه‌) به‌كارده‌هێنن".

ده‌شڵێت: "هاوسه‌نگی‌ نه‌ حزبێك دیاری‌ ده‌كات نه‌ دوو حزب، به‌ڵكو هاوسه‌نگی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌یده‌ن و ئه‌م متمانه‌یه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌یده‌ن به‌ حزبه‌كان، دروستی‌ ده‌كات".

وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "سه‌رده‌می‌ په‌نجا به‌ په‌نجا ده‌مێكه‌ به‌سه‌رچووه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ توند ده‌كه‌ن هیچیان پێ نییه‌ بۆ خه‌ڵك".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌وانه‌ی‌ واده‌زانن به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر پارتی‌ ده‌نگ ده‌هێنن له‌ هه‌ڵه‌دان و له‌ راستیدا هیچیان پێ‌ نییه‌".

مه‌حمود محه‌مه‌د راشیگه‌یاند كه‌ "سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان وه‌ڵامده‌ر ده‌بن و ترسمان له‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌".


PM:07:51:30/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت