بەدواداچوون؛ گۆڕان لە دەرەوەی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەکە رێکخەری گشتی دیارییکردووە


وێستگەنیوز-


بەپێی دواداچوونێکی وێستگەنیوز دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی گۆڕان لە دەرەوەی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەکەیە، دەستووری ناوخۆیی گۆڕان دەڵێت، "رێکخەری گشتی بە هەڵبژاردن لەناو جڤاتی نیشتمانییەوە دیاری دەکرێت".


بەپێی بەداداچوونێکی وێستگەنیوز دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەکەیە و لە دەرەوەی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێدراوە.


بەپێی مادەی چواردەیەم لە دەستووری ناوخۆیی گۆڕان کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەوەی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، لەکاتی چۆڵبوونی جێگەی رێکخەری گشتی یان هەر ئەندامێکی تری خانەی راپەڕاندن، لەناو جڤاتی نیشتمانی کە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو گۆڕان بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ و بە زۆرایەتی رەها هەڵدەبژێرێن.


روونکراوەتەوە، ئەگەر لە جاری یەکەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستیان نە هێنا، بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن بۆ یەکەمین و دووەمین کەس کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، دووبارە دەکرێتەوە ئەوسا دەنگی زۆرایەتی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنیان.


ئەگەرچی لە دەستووری ناوخۆیدا گۆڕان بەم شێوەیە شێوازی هەڵبژاردنی رێکخەر و ئەندامانی خانەی راپەراندنی دیاریکردووە، بەڵام ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان لە مەراسمێکدا ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی کرد و دانا ئەحمەد مەجیدی وەک رێکخەری گشتی گۆڕان ناساند.


دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنەوە نەتوانراوە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان ڕێکخەری گشتی هەڵبژێردرێت، کۆمسیۆن ئاگاداریکردونەتەوە کە چەند خاڵێکی دژی یاسای پارتە سیاسییەکانە".


روونیکردەوە، "دەبێت دانا ئەحمەد مەجید لە ماوەی شەش مانگدا سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بکات و دەستور بەشێوەیەک هەموار بکاتەوە کە دژی یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق نەبێت".


ناساندنی دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتی گۆڕان، بزوتنەوەکەی بەسەر دوو ئاڕاستەی جیاوازدا دابەشکردووە، نزیکەکانی عومەر سەید عەلی پشتیوانی پرۆسەکە دەکەن، ئەوانەشی نزیکن لە ماڵی نەوشیروان مستەفا رێکخەری کۆچکردووی گۆڕانەوە پرۆسەکە رەتدەکەنەوە.


نما و چیا نەوشیروان مستەفا وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی ناساندنی دانا ئەحمەد مەجید رێگەیان نەدا پرۆسەکە لە گردی زەرگەتە بەڕێوەبچێت و دەرگاکانی گردەکیان بەبەردەستی کۆنکرێتی داخست.


نما و چیا نەوشیروان مستەفا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاوییانکردەوە، مەراسیم لە بری کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی پێشلکردنی زەقی دەستووری ناوخۆیی گۆڕانە.


کوڕانی نەوشیروان مستەفا داوایانکرد، ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت لە دەرەوەی گردەکە با بە گفتوگۆ و ئارامی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕاندا چارەسەری بکەن.


ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش کە خۆیان وەک زۆرینەی هەڵبژێردراو ناساندووە، پشتیوانی بۆچوونەکەی نما و چیا نە وشیروان مستەفا دەکەن و ڕاگەیاندووە، ڕێکخەری گشتی بە وەکالەت و کودەتا دانانرێت.


کاوە عەبدوڵڵا، رێکخەرى ژوورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان کە پشتیوانی دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید دەکات بە میدیای فەرمی گۆڕانی ڕاگەیاندووە، دانا ئەحمەد مەجید بەپێی نووسراوی کۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێتە رێکخەرى گشتى، بەپێی رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەبێت لەو ماوەیەدا هەم دەستور و هەم کارەکانى بزووتنەوەى گۆڕان رێکبخاتەوە.


رۆژی 18ـی ئەم مانگە، عومەر سەید عەلی، کە لە ساڵی 2021ـەوە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاندووە، بریکارنامەیەکی دانا ئەحمەد مەجید کردەوە.


بەپێی ئەو بریکارنامەیە عومەر سەید عەلی، تەواوی دەسەڵاتەکانی وەک رێکخەری گشتی دەداتە دانا ئەحمەد مەجید، بەپێی وەڵامی کۆمسیۆن بۆ بریکارنامەکەی عومەر سەید عەلی، دانا ئەحمەد مەجید، بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێتە رێکخەری گشتیی گۆڕان بە وەکالەت.



PM:06:54:28/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت