وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی پرسی مووچەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی سەردانی شاندی وەزارەتی دارایی بۆ بەغدا.


لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هاتووە، لەچەند رۆژی رابردوودا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدای پایتەختیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بوودجەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و ڕاگرتنی تەمویلی مووچە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن کە گرنگترینیان ئەمانەن:

١- شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دواین جار داوای کردبوو.

٢- بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون ، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە.

٣- چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردووە.

٤- کێشەکانی تایبەت بە دووبارە بوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کرا کەهەمووی کێشەی هونەری بوون، وە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە ، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا ( ٢٠٢٤/١٢/٣١ ) مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.                                                                                    
                                                              



PM:08:59:26/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت