جومانه‌ غه‌لای: هه‌فته‌ی داهاتوو وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری ده‌كرێت

‌جومانەی غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

جومانەی غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگه‌یاند، هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات.

جومانەی غەلای، باسی لەوەشکرد، دیاریكردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.

راشیگەیاند، كۆمسیۆن دەنگدەران دڵنیادەكاتەوە لەوەی دەتوانن ئازادانە دەنگبدەن و دەنگەكانیشیان نهێنی و پارێزراوە و هیچ كەس و لایەنێك نازانێت دەنگی بە كێ داوە، كارتی دەنگدان ناو و ئاماژەی دەنگدەری تیادا نییە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك فشار و ترس بەرامبەر دەنگدەران بەكاربهێنێت، رێوشوێنەكانیش بریتین لە بێبەشكردنی كەس و لایەنەكان لە دەنگەكانیان، جگە لە بەندكردن و پێبژاردن بەپێی ماددەكانی یاسای هەڵبژاردن، وتەبێژی كۆمسیۆن وای وت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 20ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنه‌كانی عێراق بەڕێوەدەچێت.


PM:02:32:19/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت