مووچه‌ی‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌غدا

‌غه‌ریب ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌

وێستگه‌نیوز-
په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ مووچه‌ی‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان ده‌خرێته‌ سه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق و هاوشێوه‌ی به‌غدا ده‌بن.


غه‌ریب ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسیویه‌تی‌: "موژده‌یه‌ك بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان، په‌ڕله‌مانی عێڕاق په‌سه‌ندی كرد هاوشێوه‌ی به‌غدابن".

غه‌ریب ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "له‌ دانیشتنی ژماره‌ (11)ی ئه‌مڕۆی په‌ڕله‌مان 17ی‌ ئه‌یلول تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدانی عێڕاق ژماره‌ (2)ی ساڵی 2016 سوپاس بۆخوا ده‌نگی ڕه‌های به‌ده‌ست هێنا".

ده‌شڵێت: "ئیتر له‌مه‌ودوا، كاری پێویست ئه‌نجام ده‌درێت بۆ هه‌موو ئه‌م خانه‌واده‌ به‌ڕێزانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی هه‌رێم ڕێكخراون و ده‌خرێنه‌ سه‌ر عێراق".


لای‌ خۆیه‌وه‌ د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ كۆمێنتێكدا بۆ وێستگه‌ ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ نه‌كرێت، هه‌مواری ماده‌ی یه‌كی یاساكه‌ له‌ بڕگه‌ی (ت) ته‌نها ئه‌و شه‌هیدانه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ مووچه‌یان پێده‌درێت، به‌بێ‌ كێشه‌ هه‌موو مانگێك له‌كاتی‌ خۆیدا مووچه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ مووچه‌یان پێده‌درێت، به‌رده‌وام كێشه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ مووچه‌ و نه‌بوونی‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ چه‌ندین مانگیان پاشه‌كه‌وت كراوه‌ یاخود بڕدراوه‌ و چاره‌نووسی‌ نادیاره‌.


PM:04:43:17/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 45612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت