یادێك بۆ ده‌نگی ئێوه‌


وێستگە نیوز-
له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی وێستگه‌ نیوز، پابه‌ندبوونی خۆمان به‌ سه‌ربه‌خۆیی و ڕاستگۆیی و هه‌واڵ و زانیاری وه‌ك خۆی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.


ئه‌مڕۆ رۆژێكی گرنگه‌ له‌ مێژووی ستافی وێسگه‌نیوز كه‌ له‌ 10/ 9/ 2015  ، له‌لایه‌ن ستافێكی خۆبه‌خشه‌وه‌ دامه‌زراو دواتر بووه‌ ئه‌و میدیایه‌ی كه‌ به‌شایه‌تی به‌شێكی زۆر له‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك میدیایه‌كی بێ لایه‌ن له‌ڕووداوه‌كان ته‌ماشا ده‌كرێت، مێژووی ڕووداوه‌كان و ڕووماڵی وێستگه‌نیوز تاڕاده‌یه‌كی باش شایه‌تی ئه‌و بێ لایه‌نییه‌ن بۆ ئه‌وانه‌شی گومانیان هه‌یه‌ یه‌ك به‌یه‌كی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان له‌به‌شی ئه‌رشیفدا پارێزراون و به‌كلیكێك ده‌رده‌كه‌وێت.

ستافی وێستگه‌ نیوز ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ به‌و زانیاریانه‌ بگه‌ن كه‌ پێویستتان پێیه‌تی، له‌ هه‌مان كاتدا پابه‌ندبوونمان به‌ پێشكه‌شكردنی دیدگا جیاوازه‌كان ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌ وێستگه‌ نیوز له‌و ڕۆڵه‌ گرنگه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ڕاستگۆیی و شه‌فافیه‌ت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا هه‌یانه‌، ئه‌ویش به‌ پابه‌ندبوون به‌ ستاندارده‌ ئه‌خلاقییه‌كان له‌ ڕووماڵكردنه‌كه‌ماندا، له‌لای ئێمه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانمانه‌، ئه‌ركی ئێمه‌ هه‌میشه‌ دروستكردنی فه‌زایه‌كه‌ كه‌جێی متمانه‌ بێت و بتوانن دڵنیابن له‌ دروستی هه‌واڵه‌كانمان كاتێك ده‌یانخوێننه‌وه‌.

وێستگه‌نیوز به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سانسۆر و كاریگه‌رییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، دڵنیایی به‌هه‌موان ده‌ده‌ین له‌وه‌ی كه‌هه‌واڵ وزانیاریه‌كانمان بێلایه‌نه‌ له‌ هه‌موو چیرۆكێكدا كه‌ ده‌یگێڕینه‌وه‌.

جگه‌ له‌ ڕووماڵكردنی هه‌واڵه‌كان، شانازی ده‌كه‌ین به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ زانكۆكانی سلێمانی و پۆلی ته‌كنیك بۆبڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین وانه‌ی پسپۆڕیه‌ جیاوازه‌كان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ڕێگه‌ی كه‌ناڵی وێستگه‌كڵاسه‌وه‌ له‌ یوتیوب، وێستگه‌ كلاس ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ بۆ وانه‌ و تێڕوانینه‌كان له‌ رێگه‌ی ئه‌كادیمیانه‌وه‌.
 
داوا له‌ ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌كه‌ین په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بكه‌ن و سه‌رنجه‌كانتانمان بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ده‌مانه‌وێت بۆچوونه‌كانتان ببیستین له‌سه‌ر كاری میدیاییمان، هه‌روه‌ها ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ بۆ ئێوه‌ گرنگن كامانه‌ن و هه‌ر پێشنیارێك بۆ باشتركردن كه‌ هه‌تانه‌ بیخه‌نه‌ ڕوو. تكایه‌ بیروڕاكانتان بگه‌یه‌نن له‌سه‌ر كاره‌كانمان.

سوپاس بۆ پشتگیری بێوچانتان. با پێكه‌وه‌ به‌رده‌وام بین له‌ چاندنی كولتوری زانیاری دروست وگفتوگۆی بنیاتنه‌ر. سه‌رنجه‌كانتان یارمه‌تیده‌رمانه‌ بۆ گه‌شه‌كردن و باشتر خزمه‌تكردنتان.

پیرۆزه‌ له‌ ئێمه‌ و ئێوه‌.....


AM:12:04:10/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 4540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت