لاهور شێخ جه‌نگی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كات


وێستگه‌نیوز-

سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كات كه‌ چاودێریی ووردی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن، ده‌شڵێت: "هه‌رێمی كوردستان گرنگترین و چاره‌نوسسازترین هه‌ڵبژاردن به‌رێده‌كات بۆ گۆڕانكاری، به‌مه‌رجێك زۆرترین رێژه‌ی به‌شداری و ده‌نگدان هه‌بێت".

میدیای‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ده‌ستێوه‌ردان و رێگرییكردن له‌ پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌ پاره‌ و چه‌ك و هێزی ئه‌منی دژ به‌ ركابه‌ره‌كانیان به‌كار بهێنن، گرنگترین ته‌وه‌ری گفتوگۆی نێوان لاهور شێخ جه‌نگی و كونسوڵی به‌ریتانیا بوو".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌مڕۆ 9ی‌ ئه‌یلولی‌ 2024، لاهور شێخ جه‌نگی له‌ شاری سلێمانی پێشوازییكرد له‌ ئه‌ندرو بیزلی كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌دیدارێكدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا ده‌رباره‌ی بارودۆخی گشتی هه‌رێم و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "لاهور شێخ جه‌نگی جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می پارله‌مان و رایگه‌یاند كه‌ له‌مێژوودا هه‌رێمی كوردستان گرنگترین و چاره‌نوسسازترین هه‌ڵبژاردن به‌ڕێده‌كات بۆ گۆڕانكاری و گۆڕینی ته‌رازوی هێز به‌و مه‌رجه‌ی زۆرترین رێژه‌ی به‌شداری و ده‌نگدان هه‌بێت".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كراو و جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر "هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و دوور له‌ ته‌زویر و ساخته‌كاری و ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو كه‌ ده‌نگده‌ران بتوانن به‌و په‌ری ئازادییه‌وه‌ به‌شداری له‌و پرۆسه‌ دیموكراسیه‌ بكه‌ن".

لاهور شێخ جه‌نگی داوایكرد "كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و دامه‌زراوه‌ و رێكخراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان چاودێریی ووردی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن".

سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل دووپاتیكرده‌وه‌ و وتی؛ "ئێمه‌ وه‌ك به‌ره‌ی گه‌ل به‌ به‌رنامه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ خۆمان ئاماده‌كردووه‌، ده‌مانه‌وێت گه‌له‌كه‌مان له‌م نه‌هامه‌تیه‌ ڕزگار بكه‌ین كه‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات  به‌سه‌ریان هێناون، ده‌مانه‌وێت هیوا و ئومێد بۆ گه‌نجه‌كانمان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێم دابین بكه‌ن".

راشیگه‌یاند كه‌ "كار بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و دانانی ده‌ستورێكی هه‌میشیه‌یی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، پێویسته‌ هه‌رێم خاوه‌نی ده‌ستورێكی گه‌ل په‌سه‌ند و هێزێكی یه‌كگرتووی نیشتیمانیی بێت".


PM:08:32:09/09/2024












ئه‌م بابه‌ته 984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو