مه‌سرور بارزانی: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت


وێستگه‌نیوز-
 سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نجامه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی عێراق بۆ كاروباری ئابووری له‌ هه‌ولێر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییه‌كانماندا ده‌بێت، ده‌شڵێت: "پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كه‌شێكی ئارام و دادپه‌روه‌رانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت".

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9/9 ، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ئه‌لینا ڕۆمه‌ناوسكی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق كرد.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان. سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ له‌ كه‌شێكی ئارام و دادپه‌روه‌رانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد و له‌ ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تی و دوور له‌ پێشێلكاری ئه‌نجام بدرێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ تاووتوێ كرا، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی عێراق بۆ كاروباری ئابووری له‌ هه‌ولێر كرد، كه‌ "گفتوگۆكان به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه‌ و ئه‌رێنی به‌ڕێوه‌چوون و ئه‌نجامه‌كانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییه‌كانماندا ده‌بێت".



PM:07:21:09/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت