بافڵ تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: دەمانەوێت هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە و دوور لە دەستتێوەردانی حزب بونیادبنێین


وێستگەنیوز-


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.


لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و هەنگاوەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.


بافڵ تاڵەبانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دۆخی هەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونیدا و ئاماژەی بەوەکرد، "بەرەو هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز هەنگاودەنێین، هەرێمەکەمان پێویستی بە گۆڕانکارییە لە پڕۆسەی ‌حوکمڕانی و بەڕێوەبردن و پێویستە شەرعییەت بۆ دامەزراوە یاساییەکان بگەڕێتەوە. هیوادارین هەموولایەک هاوکاربن لە سەرخستنی پڕۆسەکە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد کە ببێتە مایەی سەقامگیری و بەهێزتربوونی هەرێمەکەمان".


لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ژیانی خەڵکەکەیەوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "هەمیشە لەگەڵ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بووین لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا، ئامانجی ئێمە بەدیهێنانی ژیانێکی دادپەروەرانە و داهاتوویەکی سەقامگیرە، هەوڵەکانیشمان لەو پێناوەدا بووە، دەمانەوێت حکومەت لەخزمەت هاوڵاتییاندا بێت و جیاوازیی لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا نەکات، وەکئەوەی بەداخەوە لەرابردوودا بینیوومانە و ژیانی خەڵک تێکەڵی ململانێ سیاسی و حزبییەکان دەکرا و حکومەت دەخرایە خزمەت بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە".


پرسی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکان تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، "هەڵوێستمان روونە و دووپاتیدەکەینەوە، دەمانەوێت هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە و دوور لە دەستتێوەردانی حزب بونیادبنێین، بۆ ئەمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و نامانەوێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئەم پڕۆسە نیشتمانییەدا دروستبکرێت، هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش لەو پێناوەدا بەرز دەنرخێنین".





PM:06:58:09/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت