نامەیەک لە عومەر شێخ موسەوە بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-


عومەر شێخ موس، ئەندامی دەستەی دامەزراندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نامەیەک ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات و تکایان لێدەکات، لە هیچ و خۆڕایی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بە نرخێکی ئێجگار زۆر گران بە دەست هاتوون، مەخەنە مەترسییەوە و دووچاری لە ناوبردنی مەکەن.


ئاماژە بەوەشدەکات، "هەمیشە تەنها ڕێگا، ڕێگای دیالۆگی دیموکراتی و ئاشتیانەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان".


 


دەقی نامەکەی عومەر شێخ موس:

بانگەواز بۆ:

 

بەڕێز مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی

پارتی دیموکراتی کوردستان

بەڕێز بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی

هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.


وێڕای سڵاوی گەرمی برایانە، داوای خۆشی و سەرکەوتنتان بۆ دەکەم.


برایانی بەڕیز!


چاوی هەموو جیهان ڕووی لە ئێمەیە بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک، بێگەرد، ڕەوا و ئازاد لە کوردستان.


تکاتان لێ دەکەم، دیسان هەزاران جار یتر تکاتان لێ دەکەم کە هیوا و ئومێدی ڕای گشتی جیهان بە میللەتی ئێمە بە فیڕۆ و عەبس مەبەن، وەک گەلی چەوساوەی فەلەستین بە سەر می للەتی ئێمەدا مەهێنن و دووچاری نەهامەتی زیاتری مەکەن.


تکاتان لێ دەکەم لە هیچ و خۆڕایی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بە نرخێکی ئێجگار زۆر گران بە دەست هاتوون، مەخەنە مەترسییەوە و دووچاری لە ناوبردنی مەکەن.


شاڵاوی هەڵبژاردن بەم شێویە ناکرێت. ئەم جۆرە وتارانە و ئەم چەشنە کارانە زەمینە سازکەرە بۆ شەڕی ناوخۆ، شەڕی خۆکوشتن و یەکتر کوشتن، تکایە، بگەڕێنەوە سەر شاڕێگای ڕاستەقینەی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا و پێکەوە بوون.


دروستکردنی سینارێوی جۆراوجۆر لە دژی یەکتر و بۆ ناوزڕاندنی یەکتر بە قەزانجی هیچ لایەنێک تەواو نابێت، بەڵکوو لە ئەنجامدا بە زیان و زەرەر بۆ ناو و ناوبانگ و پێگەی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان تەواو دەبێت.


پێویستە هەمیشە ئەوە بسەلمێندرێت کە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و هێزی چەکداریش هیچ گرفتێک چارەسەرناکات. ئازادی ڕادەربڕین، ئاواڵە بوونی درگای دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ دەبێ لە کوردستان ڕێگا پێدراوبێت.


هەمیشە تەنها ڕێگا، ڕێگای دیالۆگی دیموکراتی و ئاشتیانەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان.


ئێوە کە لەگەڵ دەوڵەتانی جۆراوجۆر دانوستاندن دەکەن و دەگەنە ڕێککەوتن، چەند باش دەبوو پێکەوە و بەرامبەر بە یەکتریش نەرمی بنوێنن و بە کردەوە و بە سینگفراوانییەوە بەرژەوەندی گەلی کورد بخەنە پێش بەرژەوەندی حیزب و تاکەکەسەوە .


تکایە، ڕەوشی کوردستان ئارام بکەنەوە و شەڕی ڕاگەیاندنی ناڕەوا ڕاگرن، بۆ بەڕیوەبرەدنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانیانە، پا کڕەوا و ئازادانە.


خەڵکی کوردستان بە گشتی زۆر ماندوو و نیگەرانە لەو هەوموو ناکۆکییە بێ مانا یانە کە هێزە سیاسیەکان بۆیان دروست دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانیان بگرین و ژیانێکی ئاسودە، ئارام و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین.


بەرەو پێشەوە بۆ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان.


لەگەل ڕێزم بۆ هەموو لایەک.


هۆمەری شێخ موس

ئەندامی دەستەی دامەزراندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ستۆکهۆڵم ٧\٩\٢٠٢٤



PM:10:55:07/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 4336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت