مانگی 11ی ئەمساڵ گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی گەرمیان هەڵدەدرێتەوە


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیارە مانگی یانزەی ئەمساڵ گۆڕە بە کۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال لە بیابانی تەلشێخی سەماوە هەڵبدرێتەوە. 


کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "سەبارەت بەهەلدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال لە بیابانی تەلشێخی سەماوە، لەچەند رۆژی رابردوودا کۆمەڵي پەیوەندی و بەدواداچوونمان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندارەکان ئەنجامدا، لەوانە بەرێوەبەری گشتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق و نوێنەرایەتی رێکخراوی ICMP نێودەوڵەتی و پزیشکی داد".

ئاماژەی بەوەکرد، "بەپێی کۆنووسێکی هاوبەشی نێوانیان مانگی یانزەی ئەمساڵ، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق و نوێنەرایەتی رێکخراوی ICMP نێودەوڵەتی و پزیشکی داد بڕیارە مانگی یانزەی ئەمساڵ یەکێک لە گۆڕەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا و بەئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندارەکان و بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ هەڵبدرێتەوەو رێکخراوی ICMP چاودێری دەکات، لە هەنگاوی یەکەمدا یەک گۆڕ هەڵدەدرێتەوە کە بەپێی خەملاندنی تیمەکان نزیکەی 200 روفاتی تێدایە و شەهیدانی ئەنفالکراوی گەرمیانن و لەرووی رەگەز و تەمەنەوە تێکەڵن".

ئەوەشی خستەڕوو، "دواخستنی کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکانیش بەهۆی گەرمای ئەو ناوچانەوەیە، چونکە تیمەکان بەرگەی گەرمای بەتینیان نەگرتووە، هەڵدانەوەی گۆڕەکانیش بەیەکەوە نابن هەموویان بۆئەوەی پزیشکی داد فریای پشکنین و کارەکانی بکەوێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، "سەبارەت بە پاراستنی گۆڕەکانیش تا تەواوبوونی پرۆسەی هەڵدانەوەیان، جەختمان کردەوە کە هەر کردەوەیەکی شێواندنی گۆڕەکان قبوڵ ناکەین و بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان رووبەروی یاساییان دەکەینەوە وەکچۆن پێشتر بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لەئەنجام نەدانی پشکنینی DNA سکاڵامان لەدژی پزیشکی داد لەلای داواکاری گشتی عێراق تۆمارکرد".


PM:09:04:07/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت