وەزیری دارایی هەرێم بۆ وتەبێژی یەکێتی: لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵاوات


وێستگەنیوز-


وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی وەڵامی وتەبێژی یەکێتی دایەوە سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی مووچە و دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکێتیدا.


ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، ""قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت، لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵاوات. بەداخەوە ئەو کاکەیە (سەعدی پیرە) بێ خەبەرە، چونکە جارێ نە ئاواتی شێخ جەناب خاوەنی لەشکر و هێزە، وە نە وەزارەتی دارایی هێزی هەیە. لای ئێمەش ناو زیادناکرێت، ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و یەک ناوی زیادە نانێرین، لەبەرخاتری چەند ناوێکی حزبی و کەسی مووچە و قوتی خەڵک بخەینە غەرغەرەوە، بۆیە پێشموایە دەبێت بە کاک سەعدی بڵێین، 'سیحەتت باشە؟' چونکە وانییە".


ڕۆژی 28ی ئابی 2024. سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "یەکێتی نەبووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە و زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی مووچە، لیستی مووچە وەزارەتی دارایی خۆی سەرپەرشتی دەکات و ئێمە بێبەرین لەو کارە، هاوکات ئەوە پارتییە وازناهێنیت لە زیاد کردنی ناوی نوێ".


هەروەها وتەبێژی یەکێتی، وەزارەتی دارایی بە لە دەسەڵات داماڵینی ئیدارەی سلێمانی تۆمەتبارکرد.


وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "بەداخەوە وتەبێژی یەکێتی ئاگاداری وردەکارییەکانی کێشەکە نییە "یان ئەو کەسانەی ئەو زانیاریەیان بۆ کاک سەعدی گواستووەتەوە رەنگە راستگۆ نەبووبن".











PM:09:48:05/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 5604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت