مهسرور بارزانی: رووبەڕووی ئەو پیلانانە بووینەوە كه ویستیان مافی پێكهاتهكان زهوت بكهن
مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێم
وێستگهنیوزـ
مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، بە هەموو توانای خۆیانەوە رووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بوونەوە كه ویستیان مافی پێكهاتهكان زهوت بكهن، سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە.
مهسرور بارزانی باسی لهوهشكرد، "پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وهزیرانی ههرێم، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان، لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لهو بارهوه مهسرور بارزانی، سەرۆک وهزیرانی ههرێم لە وتارێکدا جەختی کردەوە کە پێویستە هەمووان کار بکەن بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و رێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەیان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
دەقی وتارهكهی مهسرور بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
(صپروخون هاوێ بریخا)
خوشك و برایانی بەڕێز، مێوانانی ئازیز و خۆشەویست، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، پایتەختی پێكەوەژیانی ئایین و كلتوورە جیاوازەكان، بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە دەكەم كە لە سەرانسەری جیهان تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لەم سیمپۆزیۆمە، بە تایبەتی بەرپرسان و مامۆستایانی ئایینیی و هەموو كلتوورە جیاوازەكان كە لێرە بەشدارن، زۆر زۆر بەخێر بێن. هیوای سەرکەوتن بۆ كۆڕبەندە دەخوازم و دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی دەكەم.
دەستخۆشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی سریانی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە.
ئومێدەوارم ئەو گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و باسانەی لە میانەی ئەم کۆڕبەندەدا پێشکەش دەکرێن، ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی کولتووری سریانی و لە خزمەتی بەهێزترکردنی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەكانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بن.
کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە چەند شارستانیەتی جیاواز وەک شارستانی ماددەکان و سۆمەری و ئەکەدی و کلدانی و ئاشووری و سریانی و چەندانی تر، لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە.
من لە بۆنەی تریش ئاماژەم بەوە داوە کە لە دەڤەری ئێمەدا، لە یەک گونددا مزگەوت و کەنیسە و کنشت، جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کولتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە.
هەروەها كە پەلاماری كوردستانیش دراوە، جیاوازی لە نێوان ئایین و كلتوورە جیاوازەكاندا نەكراوە و هەموویان بە یەك چاو سەیر كراون. كە ناحەزان و دوژمنان وەكوو یەك سەیری ئێمە دەكەن، دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكوو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیات و هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە.
لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانیش بەشدارییەکی دیاریان لە ژیانی سیاسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبووە و حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی بەیەکەوەژیانەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مایەی شانازیمانە و هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری لەم کولتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی تووندڕۆیی و جیاكاریش دەبینەوە.
لەم دواییانەش کە هەوڵدرا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە رووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین.
هیوادارم بە هەموومانەوە کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
جارێکی دیکەش دەستخۆشی ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندانەتان لێ دەکەم و بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە، گرنگی بە زمان و ڕۆشنبیریی سریانی و زمان و کولتوور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی گشت پێکهاتە جیاوازەكانی کوردستان بدەین.
زۆر سوپاس، جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر شاد و سەركەوتوو بن، وڵاتەكەشمان هەر ئاوەدان بێت.
PM:12:32:05/09/2024
ئهم بابهته 776
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت