سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵه‌: ئێران فشاره‌كانی له‌سه‌رمان زیاد كردووه‌

‌چەند پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە

وێستگه‌نیوزـ

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆمه‌ڵه‌كانی زڕگوێز بۆ وێستگه‌نیوزی ئاشكرا كرد، هێشتا ده‌ستیان به‌ گواستنه‌وه‌ی باره‌گاكانیان له‌ زڕگوێزه‌وه‌ بۆ كامپه‌ نوێیه‌كان نه‌كردووه‌ و ده‌شڵێت، ئێران فشاره‌كانی زیاد كردووه‌ و حكومه‌تی عێراقیش له‌ به‌ڵێنه‌كانی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌ی وێستگه‌نیوز له‌ناو یه‌كێك له‌ حزبی كۆمه‌ڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ باره‌گاكانیان له‌ناوچه‌ی زڕگوێزه‌ له‌ سلێمانی به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند، "دوێنێ ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری هه‌رسێ كۆمه‌ڵه‌كه‌یان له‌ زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانەگەورە كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ باره‌گاكانمان چۆڵ بكه‌ین و بگوازینه‌وه‌ بۆ كامپی نوێ له‌ سورداش".

وتیشی: "ئێمه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووینه‌ته‌وه‌ و چه‌ند به‌ڵێنێكیان به‌ ئێمه‌ دا، كه‌ ئه‌و بیناو باره‌گایانه‌ی بۆ ئه‌ندامانمان له‌ زڕگوێز دروستمان كردوون له‌گه‌ڵ بینای باره‌گاكانمان له‌ كامپه‌ نوێیه‌كه‌ بۆمان دروست بكرێته‌وه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكرد، "به‌ڵام حكومه‌تی عێراق له‌و به‌ڵێنانه‌ پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌، هه‌فته‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كۆبووینه‌وه‌ و داوامان لێكرا هه‌رچی زووه‌ باره‌گاكانمان چۆڵ بكه‌ین و بگوازینه‌وه‌ بۆ كه‌مپه‌ نوێیه‌كه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ دوای مردنی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران، فشاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كان رووی له‌ زیادبوون كردووه‌ و نازانرێت ئه‌م فشارانه‌ به‌ كوێ ده‌گه‌ن.

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، ئاسایشی سلێمانی ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی ئاگادار كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ گونده‌كاندا سه‌رقاڵی ئیش و كاری خۆیانن كه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ كامپه‌ نوێیه‌كه‌، ئه‌مه‌ش بارگرانی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و ئه‌ندامانه‌یان دروست ده‌كات.

روونیشیكرده‌وه‌، پێشتر حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر داوای ئێران و له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منی نێوانیان داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان كرد له‌ سنووره‌كانه‌وه‌ بۆ كامپه‌كانیان، له‌به‌رانبه‌ردا كه‌ ده‌بوو هێزه‌كانیس كۆمه‌ڵه‌ بپارێزن، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچیان رووی نه‌داو بگره‌ فشاره‌كان به‌رده‌وام رووی له‌ زیادبوون كردووه‌.


AM:11:17:05/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو