بافڵ تاڵه‌بانی: سلێمانی له‌ دڵماندایه‌ و هیچ هه‌نگاوێكیش نانێن له‌خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یدا نه‌بێت


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و جیاكاری و نادادییه‌ی كه‌ له‌ رابردوودا به‌رامبه‌ر سلێمانی‌ كرا، مه‌رامێكی شكستخواردوو بوو بۆ بێده‌نگكردنی، ده‌شڵێت: "سلێمانی له‌ دڵماندایه‌ و هیچ هه‌نگاوێكیش نانێن له‌خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یدا نه‌بێت".


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "سلێمانی له‌ دڵماندایه‌، هیچ ده‌ستكه‌وتێكی حزبی له‌ ژیانی هاوڵاتییه‌كی شاره‌كه‌ گرنگتر نییه‌ و هیچ هه‌نگاوێكیش نانێن ئه‌گه‌ر له‌خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یدا نه‌بێت".

بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ وتی‌: "ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ كوردستانیان به‌خشیوه‌ زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆیان كراوه‌".

وتیشی‌: "ئه‌و جیاكاری و نادادییه‌ش كه‌ له‌ رابردوودا به‌رامبه‌ر شاره‌كه‌ كرا، مه‌رامێكی شكستخواردوو بوو بۆ بێده‌نگكردنی ئه‌و شاره‌ی هه‌رگیز پشتی له‌ هه‌ڵوێسته‌ جوامێرانه‌ و مه‌ردانه‌كانی نه‌كردووه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مجاره‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان به‌ وره‌یه‌كی پۆڵایین و ئیراده‌یه‌كی تۆكمه‌وه‌ به‌ره‌و گۆڕانكاریی ریشه‌یی هه‌نگاوده‌نێین و قۆناغێك ده‌هێنینه‌ كایه‌وه‌ كه‌ تێیدا مافی هه‌مووان پارێزراوبێت و ژیانی هاوڵاتییان نه‌كرێته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ت و حزبییه‌كان".

ئه‌م وتانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا هات له‌گه‌ڵ‌ زیاد جه‌بار، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی سلێمانی له‌ ده‌باشان، كه‌ تیایدا دوایین ئاماده‌كارییه‌كانی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ سنووری سلێمانی هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ كرا و جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ما رێكخراوه‌ییه‌كان كرایه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی مافه‌كانی خه‌ڵك و خزمه‌تی گشتیدا بێت".


PM:07:58:04/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو