وادەی یەکەم بارانبارینی ئەمساڵ ئاشکرادەکرێت


وێستگەنیوز-


شارەزایەکی کەشناسی کاتی یەکەم بارانبارینی ئەمساڵ ئاشکرادەکات و دەڵێت، "کەشوهەوای هەرێم گۆڕانکاریی بەسەردا دێت".


ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی راگەیاند، "سبەی 1ی ئەیلولی 2024 پایزی کەشناسی لە نیوە گۆی باکووری زەوی دەستپێدەکات، کە لە روانگە فەلەکییەکەوە وەرزی پایز لە 21/9 دەستپێدەکات و لەوکاتەوە بەگشتی کەشوھەوا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ماڵئاوایی لە وەرزی ھاوین دەکرێت".


ئاماژەی بەوەشکرد، " پلەکانی گەرما بەدرێژایی ئەم ھەفتەیە لە کاتەکانی ڕۆژدا لە ئاستێکی جێگیردا ئەمێنێتەوە، بەڵام لەشەواندا کەمێک نزمتر ئەبێتەوە بەراورد بە ماوەکانی رابردوو".


وتیشی، "بەپێی پێشبینییەکان ھەفتەی داھاتوو لەنێوان 7 بۆ 10ی مانگ ئەگەری یەکەم بارانی ئەمساڵ ھەیە بۆ سەر ناوچەکانمان، کە ئەویش لە ئەنجامی دروستبوونی نزمە پاڵەپەستۆیەکە لەسەر دەریای ناوەراست و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەش و ھەوای وڵاتانی شام و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت".


ئاراس جەبار دەڵێت، "جوڵەکردنی بارستە ھەوایەکی شێدار لە دەریای سوورەوە بۆ سەر بەرگەھەوای ناوچەکە ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیری کەش، کە لەو ماوەیەدا ناوبەناو دەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورە بروسکە و بارانی پچڕ پچڕی پایزەیی لە شوێن و کاتی جیاجیادا".




PM:10:25:31/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 15144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت