نوێنه‌رێكی مامۆستایانی وانه‌بێژ: بڕیاری به گرێبه‌ستكردنمان قوڕه‌كه‌ی بۆ مامۆستایان خه‌ستتر كرده‌وه
وێستگه‌نیوز-
دوای راگه‌یاندنی بڕیاری به گرێبه‌ستبوونی وانه‌بێژانی هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌ری به‌شێك له مامۆستایانی گرێبه‌ست، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كه راده‌گه‌یه‌نێت و پێی وایه ئه‌و بڕیاره‌ی دراوه بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه و له به‌رژه‌وه‌ندی وانه‌بێژاندا نییه، چونكه ئه‌وان داوای دامه‌زراندنیان كردووه به هه‌میشه‌یی نه‌ك گرێبه‌ست. ده‌شڵێت: "به‌م بڕیاره‌ی حكومه‌ت ئه‌و قوڕه‌ی چه‌ندین ساڵه تێیدا ده‌تلێینه‌وه، جارێكی تر بۆیان خه‌ستتر كردینه‌وه".
ئه‌مڕۆ 25ی مانگی هه‌شت ئالان حه‌مه سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریداوه به گرێبه‌ستكردنی 38000 وانه‌بێژ له هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، بڕیاره‌كه له كاتێكدابوو ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمدا كۆبوونه‌وه و داوای دامه‌زراندنیان كرد.
كارزان فیزیك یه‌كێك له نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ له سنوری پارێزگای سلێمانی به ده‌نگی ئه‌مریكای وت كه " بڕیارێكی هه‌ڵه‌درا به‌نسبه‌ت مامۆستایانی وانه‌بێژه‌وه كه بڕیاری به گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژه، چونكه ئه‌وه داواكاری ئێمه نه‌بوو".
وتیشی: "داواكاریمان دامه‌زراندن بووه به هه‌میشه‌یی. مامۆستای وانه‌بێژ هه‌یه 15 ساڵه وانه‌بێژه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م مامۆستایه چه‌ند ساڵی دیكه گرێبه‌ست ده‌بێت؟ گرێبه‌ستی هه‌میشه‌یی واته بۆ هه‌میشه به گرێبه‌ستی ده‌مێننه‌وه".
كارزان فیزیك ده‌پرسێت: "خێره به‌رپرسانی هه‌رێم به درێژایی 5 ساڵی كابینه‌ی نۆ ئه‌م بڕیاره‌یان جێبه‌جێ نه‌كرد له كۆتایی ئه‌م كابینه‌یه‌دا له سه‌ر وه‌ختی هه‌ڵبژاردن ئه‌م بڕیاره ده‌ده‌ن كه خه‌ریكه خوێندن ده‌ستپێده‌كاته‌وه، له كاتێكدا پێشتر چه‌ند جارێك داوامان كردووه سه‌رۆكی حكومه‌ت ببینین رازی نه‌بوو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵماندا دابنیشیت، خێره له كۆتایی كابینه‌كه له كاتی هه‌ڵبژاردن قبوڵی ده‌كه‌ن".
وێرای ره‌خنه‌كانی نوێنه‌ره‌كه‌ی مامۆستایانی گرێبه‌ست، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵه‌ی حكومه‌ت بڕیاره‌كه به دروست و له به‌رژه‌وه‌ندی وانه‌بێژان ده‌زانێت.
سه‌رچاوه باڵاكه‌ی حكومه‌ت كه نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، به ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "له رووی مه‌عنه‌ویه‌وه بڕیاره‌كه گرنگه و مامۆستایان له به‌گرێبه‌ستكردنیاندا كۆمه‌ڵیك ئیمتیاز و مافیان ده‌بێت كه پێشتر نه‌یان بووه".
بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت ته‌نها ناڕه‌زایه‌تی خوودی مامۆستایانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه، سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به گرنگ بینینی بڕیاره‌كه، ره‌خنه له سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌گرێت له كه‌مته‌رخه‌مبوونی له جیبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره.
دكتۆره رێواس فایه‌ق سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا له نوسێنێكدا وێرای پیرۆزبایی له مامۆستایان ده‌ڵێت: "ئێستا، هیوادارم ئه‌و راستیه روونبووبێته‌وه كه مامۆستایانی وانه‌بێژ بۆ دامه‌زراندیان ته‌نها پێویستیان به واژۆیه‌كی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌بوو كه له پێنج ساڵی رابردوو ئاماده نه‌بوو بیكات - ئێستاش ئه‌گه‌رچی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیش بێت- گرنگ ئه‌وه‌یه كه كراوه و مامۆستایان له دڵه‌ڕاوكێ و نادیاری چاره‌نووسیان رزگاریان ده‌بێت".
دكتۆره رێواس فایه‌ق نووسیویه‌تی: "ئه‌وكات؛ كه بۆ به‌لاڕێدابردنی دۆسیه‌كه‌یان و پاراستنی حكومه‌ت و چه‌واشه‌كردنی نوێنه‌رانی مامۆستایان و رای گشتی، به‌ره‌و په‌رله‌مان ئاراسته ده‌كران، ئێمه له دانیشتنی فه‌رمی په‌رله‌مان رامانگه‌یاند:- ( دامه‌زراندن له ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ته و ده‌بێت ئه‌وان بڕیاری له‌باره‌وه بده‌ن و له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی نه‌هاتووه‌ته په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر هه‌ر 111 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ش ده‌نگ بدات به دامه‌زراندنیان ته‌نانه‌ت یه‌ك كه‌سیش دانامه‌زرێت".
به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه نزیكه‌ی 11 ساڵه دامه‌زراندن له هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ستاوه، له نیوانیشیاندا 38000 مامۆستای وانه‌بێژ هه‌یه كه به‌هۆی دانه‌مه‌زرادنیانه‌وه ساڵانه ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وام ده‌رده‌بڕن و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆش به بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری به گرێبه‌ستبوونیان درا و به‌شێك له‌و مامۆستایانه‌ش له بڕیاره‌كه ناڕازین به‌و پێیه‌ی بڕیاره‌كه بۆ به گرێبه‌ستبوونیانه نه‌ك دامه‌زراندن.
ئه‌م بڕیاره له كاتێكدایه، ماوه‌ی زیاتر له 50 رۆژه فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه، به‌هۆكاری هه‌بوونی كێشه له لیستی مووچه‌ی مووچه خۆراندا و به قسه‌ی نوێنه‌رانی كوردیش یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كیه‌كان "زیادكردنی ناوی نوێیه بۆ لیستی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و زیادبوونی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمه له مانگه‌كانی رابردوو، به‌ڵام وه‌زیری په‌روه‌ردی هه‌رێم رایگه‌یاند،" مووچه‌ی مامۆستایانی گرێبه‌ست له داهاتی ناوخۆ دابه‌ش ده‌كرێت، نه‌ك پشكی نێردراو له به‌غداده‌وه."
به گرێبه‌ستكردنی 38000 مامۆستا پێویستی به نزیكه‌ی 18 ملیار دینار هه‌یه و به هه‌میشه‌یی كردنیشیان 25 ملیاری پێویسته، داهاتی ناوخۆش مانگانه نزیكه‌ی 300 ملیاره و له‌و ژماره‌یه‌ش 80 ملیاری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا وه‌ك داهاتی ئیتیحادی.
PM:11:40:25/08/2024
ئه‌م بابه‌ته 3940
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت