وێستگهنیوزـ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێم داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد کە هاندەری لایەنەكان بن بۆ یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد و پاراستنی سەقامگیری و وەك هەمیشە رۆڵ ببینین لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەناو كوردستاندا.
قوباد تاڵەبانی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 5ی ئابی 2024، لە میوانخانەی مام جەلال لە دوكان ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی هەولێر و سۆران و كۆیەی بانگهێشتی ئێوارەخوانێك كرد و دواتر پێكەوە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، باسی رۆڵی گرنگیی مامۆستایانی ئایینی كرد چ لە سەردەمی شۆڕشدا و چ لە قۆناغی دوای راپەڕین لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و پاراستنی بەها ئایینی و نیشتمانییەكان.
ئاماژەی بەوەشدا كە لە ماوەكانی رابردوو چەندینجار وەك حكومەت پەنایان بردووەتەبەر مامۆستایانی ئایینی بۆ گەیاندنی راستی و ویستی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
پاشان گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، قوباد تاڵەبانی داوایكرد، مامۆستایانی ئایینی هاندەری لایەنەكان بن بۆ یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد و پاراستنی سەقامگیری و وەك هەمیشە رۆڵ ببینین لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەناو كوردستاندا.
وتیشی: "ئێوەی مامۆستایانی ئایینی رێنیشاندەری ئێمەن و ئیمەش خزمەتكاری ئێوە و خەڵكی كوردستانین".
دواتر مامۆستایانی ئایینی باسیان لە گرفتەكانی بەردەم راپەڕاندنی كارەكانیان كرد و رێگاچارەكانیشیان خرانەڕوو و جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە هاوكاریان دەبێت هەموو كات.
PM:09:31:05/08/2024
ئهم بابهته 976
جار خوێنراوهتهوه