كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ كه‌ركوك: سودانی ستایشی كردین كه‌ سورین له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار


وێستگه‌نیوز-
كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك سووره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری‌ شاره‌كه‌، ده‌شڵێت: "سودانی ستایشی كردین كە وەكو كوتلەی گەورەی ئەنجومەن سورین لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار".


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ی‌ ئابی‌ 2024 كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا سوپاسی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات".

كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌ڵێت: "له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ سازانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان، هیچ حكومه‌تێك له‌ كه‌ركوك پێكنایه‌ت".

 ده‌شڵێت: "سه‌رۆك وه‌زیران ستایشی‌ هه‌ڵوێستی‌ كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ كرد بۆ پێداگریمان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك وه‌ك گه‌وره‌ترین كوتله‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا".

كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "پۆستی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك، ئیستیحقاقێكی‌ جه‌ماوه‌رییه‌ و نوێنه‌رانی‌ كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی سوورن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌".

بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ی‌ كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ له‌ شه‌ش ئه‌ندام پێكهاتووه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت دوێنێ‌ شه‌ممه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و فراكسیۆنی‌ بابلیون كۆبۆوه‌.

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لە كۆبونەكه‌دا جەخت لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی ئه‌و شاره‌ كراوەتەوە و سودانی داوای كردوه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌ركوك له‌ سه‌روو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه‌ بێت و وتویه‌تی: كه‌ركوك پێویستییه‌كی زۆری به‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی خۆجیی هاوسه‌نگه‌ كه‌ به‌ده‌م پێوستیی و خواستنه‌كانی هاوڵاتیانه‌وه‌ بچێت.

ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجامدرا، به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكه‌ پێكنه‌هێنراوه‌و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌كان ڕێكنه‌كه‌وتوون.

به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان 5 كورسی، پارتی دیموكراتی كوردستان 2 كورسی، عه‌ره‌بی سونه‌ كه‌ خاوه‌نی سێ كوتله‌ن 6 كورسی، توركمان 2 كورسی و كوتله‌ی بابلیۆنیش كورسییه‌كی له‌ كۆی 16 كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌یه‌.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ خاوه‌نی 7 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكن، ناكۆكن له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و یه‌كتریش به‌ هاوپه‌یمانێتیكردن له‌گه‌ڵ "نه‌یارانی كورد" تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.


PM:03:50:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو