بافڵ تاڵه‌بانی: دوور له‌ درووشم كار بۆ پاراستنی مافی ئێزدییان بكرێت


وێستگه‌نیوز-

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ده‌یانه‌وێت دوور له‌ درووشم و تێكه‌ڵكردنی ژیانیان به‌ ململانێ سیاسییه‌كان، كار بۆ پاراستنی مافی ئێزدییان بكرێت، ده‌شڵێت: "جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدی تاوانێكی له‌بیرنه‌كراوه‌".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ی‌ ئابی‌ 2024، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ساڵیادی‌ هێرشی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بۆسه‌ر شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری‌ و كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزدی په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدی تاوانێكی له‌بیرنه‌كراو و ئازارێكی گه‌وره‌یه‌ له‌دڵی هه‌مووماندا".

بافڵ تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: "به‌ دڵته‌نگییه‌كی قووڵه‌وه‌ یادی گیانله‌ده‌ستدان و بێسه‌روشوێنبوونی ئازیزانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌زێدی خۆیان به‌ته‌نیا به‌جێهێڵران".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "یه‌كێتیی به‌په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ زێدی ره‌سه‌نی خۆیان ده‌دات".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ "جه‌خت له‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان ده‌كاته‌وه‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئه‌وانه‌ی تاوه‌كو ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌یه‌تی‌:

جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، تاوانێكی لەبیرنەكراو و ئازارێكی گەورەیە لەدڵی هەمووماندا.

ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی ئازیزانمان دەكەینەوە كە لەزێدی خۆیان بەتەنیا بەجێهێڵران.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەپەرۆشەوە هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی رەسەنی خۆیان دەدات، هەروەها جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان دەكاتەوە بۆ گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و دەیەوێت دوور لە درووشم و تێكەڵكردنی ژیانی ئێزدییان بە ململانێ سیاسییەكان، كار بۆ پاراستنی مافەكانیان بكات و پارێزەری راستەقینەی ئەو پێكهاتە گرنگەی كوردستان بێت كە بەشێكی گرنگی  فرەڕەنگیی كوردستان پێكدەهێنن و مێژوویەكی درێژیان لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و خەبات لەپێناو خاكەكەمان تۆماركردووە.

دروود بۆ رۆحی قوربانییانی ئێزدی و سەربەرزی بۆ كەسوكارە خۆشەویستەكەیان.

بافڵ تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


AM:10:32:03/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت