مه‌سرور بارزانی‌: به‌هۆی‌ خۆسه‌پێنیی میلیشاكانه‌وه‌، دۆخی شنگال ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌

‌مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی‌ خۆسه‌پێنیی میلیشاكانه‌وه‌، دۆخی شنگال ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت: "جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال وه‌كوو خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌".


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ی‌ ئابی‌ 2024، مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ساڵیادی‌ هێرشی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بۆسه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌ری‌ په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتووانی ده‌ڤه‌ری شنگال، كۆمه‌ڵكوژ كران و ده‌یان هه‌زاری دیكه‌ش بێسه‌روشوێن و ئاواره‌ بوون".

سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌ڵێت: "به‌ هۆی خۆسه‌پێنیی میلیشا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌ شنگال، دۆخی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و ئاواره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "له‌م یاده‌دا، قوربانیدانه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، له‌ ڕزگاركردنی شنگال به‌رز ده‌نرخێنین".

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال وه‌كوو خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و پاراستن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شنگال".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌یه‌تی‌:
په‌یامی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌یه‌مین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان

ئه‌مڕۆ ده‌ ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدی له‌ شنگال و ده‌وروبه‌ری تێده‌په‌ڕێت، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرش و په‌لاماری دڕندانه‌ی تیرۆریستانی داعش، هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتووانی ده‌ڤه‌ری شنگال، كۆمه‌ڵكوژ كران و ده‌یان هه‌زاری دیكه‌ش بێسه‌روشوێن و ئاواره‌ بوون.
هه‌رچه‌نده‌ ده‌ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئێش و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی خوشك و برایانی ئێزیدی كۆتایی نه‌هاتووه‌ و هێشتاش ژماره‌یه‌كی زۆریان بێسه‌روشوێنن و به‌ هۆی خۆسه‌پێنیی میلیشا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌ شنگال، دۆخی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و ئاواره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان.

له‌م یاده‌دا، قوربانیدانه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، له‌ ڕزگاركردنی شنگال به‌رز ده‌نرخێنین و به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانین.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناله‌باری شنگال و ده‌وروبه‌ری و كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌ربه‌رزانه‌ی خوشك و برا ئێزدییه‌ ئاواره‌كان بۆ شوێنه‌كانیان خۆش بكرێت. بۆیه‌ جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال وه‌كوو خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و پاراستن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شنگال.

له‌ كۆتاییدا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هید و قوربانییانی كۆمه‌ڵكوژیی شنگال و گشت شه‌هیدانی كوردستان داده‌نوێنین.

مه‌سرور بارزانی
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
03 ئاب 2024



AM:09:18:03/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو