حكومه‌تی‌ خۆجێیی پارێزگای‌ دیاله‌ پێكهێنرا و پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن هه‌ڵبژێردران


وێستگه‌نیوز-
دوای‌ نزیكه‌ی‌ 8 مانگ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ توانی‌ پۆسته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و و پارێزگار و جێگره‌كانی یه‌كلایی بكاته‌وه‌ و حكومه‌تی‌ خۆجێی پێكبهێنرێت.


شه‌وی ڕابردوو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ له‌ دانیشتنێكدا پۆسته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و جێگره‌كه‌ی و پارێزگار و جێگره‌كه‌ی یه‌كلایی كرده‌وه‌ و عه‌دنان جایه‌ری بۆ پۆستی پارێزگاری شاره‌كه‌ هه‌ڵبژارد.
له‌ هه‌مان دانیشتندا هه‌ر یه‌ك له‌ مسته‌فا تاڵیب و غازی فه‌یسه‌ڵ به‌ جێگرانی یه‌كه‌م و دووه‌می‌ پارێزگاری‌ دیاله‌ هه‌ڵبژێردران.

هاوكات عومه‌ر كه‌روی به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و سالم ته‌میمی به‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێردران.

یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی پارێزگای دیاله‌ دوای نزیكه‌ی‌ هه‌شت مانگ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌ هۆتێل ڕه‌شید له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ چوو.

ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی خۆجێیی له‌ 5ـی شوباتی ئه‌مساڵ كرد، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی و ململانێی سیاسییه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی مایه‌وه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان حه‌وت جار شكستیان هێنا له‌ ته‌واوكردنی دانیشتنه‌كه‌ له‌ دیاله‌ به‌هۆی نه‌بوونی نیسابی یاسایی.


AM:09:25:02/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو