مهسرور بارزانی: سەرکۆنەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەم
مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم
وێستگهنیوزـ
مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، "سەرکۆنەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەم"، هاوكات داوایەکیشی ئاراستەی لایەنەکان کرد کە گرژییەکانی ناوچەکە کەمبکەنەوە.
شهوی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم گرژییەکانی ئەم دواییە کەمبکەنەوە و گفتوگۆی جدی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، کە ناوچەکە "بەرگەی گرژی و دۆخی نادڵنیایی زیاتر ناگرێت".
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31ی تهمموزی 2024، لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەناو ژووری پشوودانی خۆی کرایە ئامانج و خۆی پاسەوانێکی کوژران.
ئەو رووداوە کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا، راستەوخۆ بەشێکیان دەستی تۆمەتیان بۆ ئیسرائیل راکێشا، بەڵام ئەو وڵاتە هیچ دانپێدانانێکی فەرمیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، بنیامین ناتنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "شەڕانگێزەکان و ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل لەناو دەبەین".
ئەو پەیامە تووندەی ناتانیاهۆ بەبێ باسکردنی رووداوەکەی تاران و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە بوو.
AM:08:39:01/08/2024
ئهم بابهته 908
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت