كۆمسیۆن واده‌ی‌ پێدانی‌ ژماره‌ی به‌ هاوپه‌یمانێتی و حزب و لیست و كاندیده‌كان راگه‌یاند

‌جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان

وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ بڕیاره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی ئابدا جارێكی دیكه‌ تیروپشك بۆ پێدانی ژماره‌ به‌ هاوپه‌یمانێتی و حزب و لیست و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان ئه‌نجامبدرێت، ده‌شڵێت: "له‌ ئێستادا كۆمسیۆن سه‌رقاڵی وردبینیكردنی‌ ناوی‌ كاندیده‌كانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان".


جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ماڵپه‌ری‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتیی PUKMEDIAی وت: "له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئابدا كۆمسیۆن جارێكی دیكه‌ تیروپشك بۆ پێدانی ژماره‌ به‌ هاوپه‌یمانی و حزب و لیست و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان ئه‌نجامده‌دات و بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی ئیداری هه‌ڵبژاردن له‌ كۆمسیۆن پێكهێنراوه‌".

وتیشی‌: "له‌ئێستادا كۆمسیۆن سه‌رقاڵی وردبینییه‌ له‌ ناوی‌ ئه‌و كاندیدانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن".

جومانه‌ غه‌لای جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "هه‌ر كاندیدێك مه‌رجه‌كانی كۆمسیۆنی تێدانه‌بێت دوورده‌خرێته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ و هه‌تا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش ته‌واو نه‌بێت نازانین ژماره‌ی ته‌واوه‌تی كاندیده‌كان چه‌نده‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "كۆمسیۆن له‌ڕێگه‌ی نوسینگه‌كانییه‌وه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم خولی بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كانی له‌باره‌ی چۆنێتی به‌رێوه‌بردنی پرۆسه‌كه‌ و به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی ده‌نگدان و پێدانی رێنمایی به‌ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدان كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ڕووی هونه‌ریشه‌وه‌ به‌رده‌وامین له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان".

راشیگه‌یاند كه‌ كه‌ "ناوتۆماركردن له‌ كۆمسیۆن بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه‌كان و رێكخراوه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌ و سه‌رپشكن له‌به‌غدا یان له‌ نوسینگه‌كانی كۆمسیۆن له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم خۆیان تۆمار بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی روماڵكردن و چاودێریكردنی پرۆسه‌كه‌".

دوای‌ چه‌ند جارێك دواخستن، بڕیاره‌ له‌ 20ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2024دا هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجام بدرێت و پرۆسه‌كه‌ش له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.


PM:03:43:27/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت