مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركوك-گه‌رمیانی پارتی باس له‌ ئامانجی‌ ته‌قه‌كردن له‌ لقه‌كه‌یان ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
مه‌كته‌بی رێكخستنی پارێزگای كه‌ركوك-گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند ئامانجی‌ ته‌قه‌كردن له‌ باره‌گای لقه‌كه‌یان له‌ كه‌ركوك خاڵێكی پاسه‌وانی باره‌گاكه‌ بووه‌، ده‌شڵێت: "پێشهاتێكی خراپه‌ و پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی لێبكرێت".


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ی ته‌مموزی 2024، مه‌كته‌بی رێكخستنی پارێزگای كه‌ركوك- گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، كاتژمێر 1:50 ده‌قیقه‌ له‌ دوو شوێنی جیاوازه‌وه‌ به‌  قه‌ناس و ده‌ستڕێژ، ته‌قه‌ له‌ باره‌گاكه‌مان كراوه‌ و پاسه‌وانه‌كانی باره‌گای لق وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌".

مه‌كته‌بی رێكخستنی پارێزگای كه‌ركوك- گه‌رمیانی پارتی ده‌ڵێت: ""ئامانجی ته‌قه‌كه‌ره‌كان گرتنی خاڵێكی پاسه‌وانی باره‌گاكه‌ بووه‌، كه‌ یه‌كه‌مجار ته‌قه‌ له‌وێ كراوه‌ و دواتر بێنه‌ نێو لقه‌وه‌ و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بكه‌ن".

ده‌شڵێت: "رووداوه‌كه‌ هیچ زیانی گیانی نه‌بووه‌، به‌ڵام پێشهاتێكی خراپه‌ و پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكرێت".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م هێرشه‌ نه‌زۆكانه‌ و ترسنۆكانه‌یه‌ ده‌كه‌ین، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ تاوانباران ده‌ستگیر بكرێن و راپێچی دادگه‌ بكرێن".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

 
به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ، له‌ هه‌وڵێكی ترسنۆكانه‌دا، ته‌قه‌ له‌ باره‌گای لقی سێی پارتیمان له‌ كه‌ركووك كرا، كه‌ دیاره‌ ئامانجی ته‌قه‌كه‌ره‌كان گرتنی خاڵێكی پاسه‌وانی باره‌گاكه‌ بووه‌.

به‌ دیاریكراوی به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ كاتژمێر 1:50 ده‌قیقه‌ له‌ دوو شوێنی جیاوازه‌وه‌ به‌  قه‌ناسه‌ و ده‌ستڕێژ، ته‌قه‌ له‌ باره‌گاكه‌مان كراوه‌ و پاسه‌وانه‌كانی باره‌گای لق وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌".

ئامانجی ته‌قه‌كه‌ره‌كان گرتنی خاڵێكی پاسه‌وانی باره‌گاكه‌ بووه‌، كه‌ یه‌كه‌مجار ته‌قه‌ له‌وێ كراوه‌ و دواتر بێنه‌ نێو لقه‌وه‌ و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بكه‌ن، رووداوه‌كه‌ هیچ زیانی گیانی نه‌بووه‌، به‌ڵام پێشهاتێكی خراپه‌ و پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكرێت.

 بۆیه‌ به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م هێرشه‌ نه‌زۆكانه‌ و ترسنۆكانه‌یه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌ ژێر هه‌ر ناو و په‌رده‌یه‌كی شاراوه‌دا بێت، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ تاوانباران ده‌ستگیر بكرێن و راپێچی دادگه‌ بكرێن و به‌ سزایی یاسایی خۆیان بگه‌یه‌نن.

بۆیه‌ دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویست و سه‌ربه‌رز و خۆراگری شاری كه‌ركووك، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی له‌مێژینه‌ی خۆی بۆ ئاینده‌ی كه‌ركووك كه‌ ئاشتی و ته‌بایی و سه‌قامگیرییه‌، تاگه‌یـشتن به‌دوا ئامانـجه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و خزمه‌تی هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی ئه‌و شاره‌، ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ له‌ خزمه‌تكردنی شاری كه‌ركووك و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی ساردمان ناكاته‌وه‌.

ده‌ستخۆشی پێزانینی زۆرمان بۆ پاسه‌وانه‌كانی باره‌گای لق، كه‌ به‌و په‌ڕی چاوكراوه‌یی و بوێرییه‌وه‌، به‌رپه‌رچی ئه‌م هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌یان دایه‌وه‌، سوپاس بۆ خوا هه‌ڤاڵانمان سه‌لامه‌تن و هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌.

مه‌كته‌بی رێكخستنی پارێزگای كه‌ركووك-گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان



PM:02:54:27/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت