ماڵپەڕی شەفافییەت: داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 15 ملیار دینار بووە

‌دیمه‌نێك له‌ شاری سلێمانی

وێستگه‌نیوزـ

ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا داهاتی نانەوتیی سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 15 ملیار 714 ملیۆن دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی دوو ملیار دینار بەرزبووەتەوە.

ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکان، لە 20ـی تەمموز تا ئەمڕۆ 26ی تەمموز، بڕی داهات 15 ملیار و 714 ملیۆن و 365 هەزار و 75 دیناربووە.

هەر بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕەکە، لە داهاتی ئەم هەفتەیە بڕی 13 ملیار و 397 ملیۆن و 901 هەزار دیناری بەشێوەی نەختینە بووە کە دەکاتە 85٪ و دوو ملیار و 316 ملیۆن و 463 هەزار و 45 دینار بەشێوەی بەشێوەی چەک بووە.

داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی رابردوو ملیارێک و 933 ملیۆن و 360 هەزار و 756 دینار زیادیکردووە، بەجۆرێک لە 13ی تەمموز تا 19ی تەمموز داهاتی سلێمانی 13 ملیار و 781 ملیۆن چوار هەزار و 319 دیناربووە. ئەوەش بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافییەت.

ماڵپەڕی شەفافییەت لە 15ی کانونی یەکەمی 2022، لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان راگەیەندرا و هاووڵاتییان رۆژانە دەتوانن سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی ئەو سنوورانە لە ماڵپەڕی شەفافییەتەوە بزانن.


AM:11:12:26/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت