كۆمسیۆن: رێكارێكی زۆر باش گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ رێگری كردن له‌ ساخته‌كاری

‌دیمه‌نێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی هه‌رێم. وێنه‌: ئه‌رشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگه‌یاند، رێکارێکی زۆرباش گیراوەتە بەر بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری و تەواوی دەرگاکان داخراون، ده‌شڵێت، دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە رێگای دەست و ئەلیکترۆنی دەبێت.

مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای رایگەند: "ئێمە وەک کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەموو رێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکاریەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات، کارتی بایۆمەتریش تەنها بۆ ئەوانە کراوە کە سەردانی کۆمسیۆنیان کرد و خۆیان تۆمارکردووە و کارتی کورتخایەنی پێشوو کاری پیناکرێت".

به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمسیۆن باسی له‌وه‌شكرد، "بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەک ملیۆن و 366 هەزار و 453 دەنگدەر لەسنووری پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی 400 هەزار دەنگدەریش بێەشن لە دەنگدان، چونکە خۆیان تۆمارنەکردووە، هەروەها جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رێگای دەستی و ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت و ئێمە وەک کۆمسیۆن رێگا نادەین ساختەکاری بکرێت".

رۆژی 26ی مانگی شەشی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاری دا هەڵبژاردنەکە لە رۆژی 20ی تشرینی دووه‌می 2024 بەرێوەبچێت.

بە خوێندنەوەی چاودێران، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەرفەتی ساختەکاری زۆربوو، بۆیە زۆریەک لە هاووڵاتییان متمانەیان بە دەنگدان نەمابوو و بەڕێژەیەکی کەم بەشداری پرۆسەکەیان دەکرد و دەیانوت، "هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت" بەڵام ئەمجارەیان چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە مەحاڵە ساختەکاری بکرێت، چونکە هەڵبژاردنەکە عێراق بەڕێوەدەبات نەک هەرێم.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە بە ئەزموونی بینینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنانەت لە هەڵبژاردنی 18ی 12ی 2023 بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ی عێراق بەراستی ئەو دەرفەتە زۆر زۆر کەم ماوەتەوە بۆ ئەوەی کاری ساختەکاری بکریت، گەر بشکرێت زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا و ئەویش ئەوەیە بتوانن هێزی ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بتوانن بخەنە سەر هەرێمی کوردستان دیسانەوە ئەوەش ئاسان نیە".

بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن وتیشی: "داخستنی تەواوی دەرگاکان بۆ ئەوەی ساختەکاری نەکرێت، کارێکی هەروا ئاسان نەبووە و ماندوبوونێکی زۆری ویستووە و تیچوویەکی زۆر هەبوو کە تەنها دەنگدەر بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات".

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق، شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕیی و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، بەڵام رۆژی 20ی ئایاری 2024، دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراقی گۆڕی و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد پێنج کورسیی لە کۆی 100 کورسییەکانی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەشێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، دووکورسی بۆ کرستیان و تورکمان بۆ سلێمانی.

لە کۆی 100 کورسیەکەی پەرلەمان، 34 کورسی پەرلەمانی بۆ هەولێر دیاریکردووە کە دوانیان بۆ کۆتایە، هەروەها کۆی گشتی کاندیدانی سنورەکە کە خۆیان تۆمارکردووە 395 کاندیدن و دابەشبوون بە سەر دوو هاوپەیمانی و 13 حزب، ئەمە جگە لەوەی 29 کاندیدی سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردووە.


AM:10:01:26/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت