دەستەی مامۆستایانی ناڕازی: دڵشاد میرانی به‌هۆی دوو وشه‌وه‌ سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌

‌دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی

وێستگه‌نیوزـ

دەستەی مامۆستایانی ناڕازی وێڕای ئیدانەکردنی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەکەیان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، بەهۆی بەکارهێنانی دوو وشەی "حەماقەت" و "زەلکاو" لەلایەن داواکاری گشتییەوە سکاڵا لەسەر مامۆستا دڵشاد میرانی تۆمار کراوە.

ده‌سته‌كه‌ ئەوەشی خستەڕوو، کە دەبوایە داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر ئەوانە تۆمار بکردایە کە بە رۆژی رووناک سوپای بێگانە پەلکێشی خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن و رەز و باخی هاووڵاتیان دەسوتێنن و خەڵکی مەدەنی شەهید دەکەن. 

ده‌شڵێن: "یان باشتروابوو سکاڵایان لەسەر نەوت دز و مووچە دزەکان تۆمار بکردایە کە ماوەی دەساڵە دزی لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەن".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی ته‌مموزی 2024، مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی له‌لایه‌ن هێزێكى پۆلیسه‌وه‌ دەستگیركرا.

به‌پێی میدیاكانی پارتی، ده‌ستگیركردنى مامۆستا دڵشاد، له‌سه‌ر داواكاریى هه‌ردوو داواكاری گشتى سلێمانى‌ و هه‌ولێر بووە.

داواكارانى گشتى سلێمانى‌ و هه‌ولێر باسیان له‌وه‌كردوه‌، میرانى تۆمه‌ت‌ و ته‌شهیر و ناوزڕاندنى ئه‌نجامداوه‌ له‌ده‌ستپێكى خۆپیشاندانى مامۆستایانى ناڕازیى‌ و رۆژانى دواتر و مامۆستایانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە.


PM:10:56:25/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت