وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ئه‌مریكاو عێراق بڕیاریاندا هێزە ئەمنییە کوردییەکان بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری


وێستگه‌نیوزـ

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە کۆبوونەوەی دیالۆگی هاوبه‌شی نێوان ئه‌مریكاو عێراق له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، هه‌ر دوو وڵاتەکە بڕیاریانداوە هێزە ئەمنییە کوردییەکانیش بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، تیایدا هاتووه‌: لە درێژەی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەی، کە لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، لە 24ی تەممووزی 2024، گەڕێکی دیکەی دیالۆگی هاوبەشیی ئەمنی لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە سەرۆکایەتی سابت محەمەد ئەلعباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و ئەندامیەتی فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند ئەفسەرێکی  باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بوو، لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شاندی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لەم کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ کرا لەبارەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و قوڵکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان و کۆمەڵێک پرسی تر و پێشخستنی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات، بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایش و پاراستنی سەروەریی عێراق و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌شڵێت: "گفتوگۆی هاوکاری و هاوبەشیی ئاسایش لەسەر رەنگدانەوەی تێگەیشتنی ستراتیژیی هاوبەشی دوولایەنە بنیات نراوە، کە لە لایەن هەردوو لاوە پێشتر گفتوگۆی لەسەر کراوە، لەوانەش گفتوگۆی ستراتیژیی تەممووزی 2021ی ئەمریکا و عێراق و لیژنەی باڵای هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و عێراق لە شوباتی 2022، شاندەکانی ئەمریکا و عێراق هەردوولا پێشوازییان لە جێبەجێکردنی تەواوی گفتوگۆکانی ستراتیژیی نێوانیان کردەوە".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەرانی عێراق پابەندیی وڵاتەکەیان بە پاراستنی راوێژکارانی بیانی و دیپلۆماتەکانیان دووپاتکردەوە و دوو وڵاتەکە بڕیاریانداوە هێزە ئەمنییە کوردییەکانیش بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە راوێژکارانی نێودەوڵەتی لەسەر بانگهێشتی عێراق و بۆ پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوێن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێشتریش هاوپه‌یمانان چه‌ند جارێك هۆشداریان دابوو له‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبگرێته‌وه‌ و هێزه‌كانی حه‌فتاو هه‌شتا نه‌مێنن كه‌ دوو هێزی سه‌ر به‌ یه‌كێتی و پارتین.


PM:09:52:25/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت