(شێخ شاباز)ی‌ جادووگه‌ر ده‌ستگیر كرا


وێستگه‌نیوز-

 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستگیر كردنی جادوو گه‌رێكی‌ به‌ناوی‌ (شێخ شاباز) راگه‌یاند و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ دانی‌ ناوه‌ به‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژی كردۆته‌ سه‌ر چه‌ند ئافره‌تێك و گرته‌ی ڤیدیۆییانی تۆمار كردووه‌ و  له‌به‌رامبه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی داوای بڕێكی زۆر پاره‌ی له‌و ئافره‌تانه‌ كردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی‌ ته‌مموزی‌ 2024 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا "له‌ لایه‌ن چه‌ند هاوڵاتیه‌ك ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌سێك ناسراوه‌ به‌ (شێخ شاباز ) له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاته‌تیه‌كان هه‌ژمارێكی داناوه‌ به‌ناوی (سحر و جادو به‌گرنتی) و ده‌ستدرێژی نه‌شیاوی كردۆته‌ سه‌ر چه‌ند ئافره‌تێك و گرته‌ی‌ ڤیدیۆییانی تۆمار كردووه‌".

ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ڵێت: "دوای ئه‌نجامدانی به‌دواداچون له‌لایه‌ن تیمه‌كانمانه‌وه‌، به‌ داڕشتنی پلانێك توانیمان ناسنامه‌ی (شێخ شاباز) ئاشكرا بكه‌ین كه‌ ناوی (ف. ش. أ)ه‌ و به‌فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستگیرمان كرد".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "تۆمه‌تبار (ف. ش. أ.) له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ كه‌ به‌ناوی كاری (سیحر و جادوو) ده‌ستدرێژی كردۆته‌ سه‌ر چه‌ند ئافره‌تێك و گرته‌ی ڤیدیۆییانی تۆمار كردووه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیان داوای بڕێكی زۆر پاره‌ی له‌و ئافره‌تانه‌ كردوه‌".

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ ئاسایشی‌ هه‌ولێر، "ئه‌و تۆمه‌تباره‌ له‌ ژێر فشارو هه‌ڕه‌شه‌كردندا بڕێكی زۆر پاره‌ی له‌ چه‌ند ئافره‌تێكی تر وه‌رگرتووه‌".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "تۆمه‌تبار (ف. ش. أ.) پێشینه‌ی تاوانی هه‌یه‌ و پێشوتر به‌تۆمه‌تی ڕێگریكردن ده‌ستگیركراوه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر داوا ده‌كات كه‌ "ئافره‌تانی به‌ڕێز خۆیان به‌دوور بگرن له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ و نه‌كه‌ونه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و هه‌ژمارانه‌ی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌و كاری سیحر و جادووه‌ ده‌كه‌ن تاكو نه‌بنه‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌".


PM:08:25:24/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 3704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت