په‌یامی پیرۆزبایی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ خوێندكاره‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانی پۆلی 12


وێستگه‌ نیوزـ

دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی پۆلی 12 به‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌كانییه‌وه‌ و راگه‌یاندنی ناوی یه‌كه‌مه‌كانی سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی ئاراسته‌ی خوێندكاره‌ سه‌ركه‌وتوه‌كان كرد و وێرای سوپاس و دەستخۆشی بۆ خێزان و كەسوكاری خوێندكاران وتیشی: دڵسۆزی و خۆڕاگریی مامۆستایان و پەروەردەكاران لەیادناكەین كە سەرباری سەختی و ئاستەنگییەكان، رەوتی پەروەردە و فێركردنیان بەرەوپێشبرد و ئەم مێژووە پرشنگدارەیان نوسییەوە. 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، لە رۆژی یەکشەممە، 23ـی حوزەیران دەستیانپێکرد و دوایین تاقیکردنەوەش 17ی ئەم مانگە بوو.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی (12)ی ئامادەیی راگه‌یاند.

به ‌گوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 122 هەزار و 15 قوتابی به‌شدارییان لە تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی پۆلی 12 کرد کە به‌سه‌ر دوو هه‌زار و 115 هۆڵدا دابه‌ش كرابوون.

 ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان:

لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی لە خوێندكارە سەركەوتووەكانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەكەم و هیوای داهاتوویەكی گەشتر و پرشنگدارتریان بۆ دەخوازم. ئەو خوێندكارانەش كە ئەنجامی دڵخوازی خۆیان بەدەستنەهێنا، دڵنیام بە ئومێد و كۆششێكی زیاترەوە لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن و بە ئامانجەكانیان دەگەن.

سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی خێزان و كەسوكاری خوێندكاران دەكەم كە هەمیشە لە هەوڵی پێگەیاندنی نەوەیەكی داهێنەردان بۆ كوردستان، وەكچۆن دڵسۆزی و خۆڕاگریی مامۆستایان و پەروەردەكاران لەیادناكەین كە سەرباری سەختی و ئاستەنگییەكان، رەوتی پەروەردە و فێركردنیان بەرەوپێشبرد و ئەم مێژووە پرشنگدارەیان نووسییەوە.

لە رابردوودا بەشێوەیەكی كرداری لەخزمەت گەنجان و خوێندكارانی خۆشەویستی كوردستاندا بووین، چونكە بڕوای تەواومان بەوە هەبووە گەنجان و لاوانمان گەورەترین سەرمایەی نیشتمانن و داهاتووی كوردستان لەدەستی ئەواندایە. ئێستاش دووپاتیدەكەینەوە بە ئەوپەڕی توانامانەوە هەوڵی بەدیهێنانی ژینگەیەكی لەبارتر و گونجاوتر دەدەین تاوەكو پەرە بە تواناكانیان بدەین و خەونەكانیان بكەن بە راستی.


PM:10:16:19/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت