كارۆخ سه‌ید رزگار: كه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌م یه‌كێتییه‌دا هاوپه‌یمانی نه‌به‌ستێت، دواجار وه‌ك ئێمه‌تان به‌سه‌ردێت


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی حیزبی كڵپه‌ی نیشتیمانی كوردستان هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بووه‌ به‌ "پیاوی‌ یه‌كێتی‌ و ده‌زگای زانیاری"، ده‌شڵێت: كه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌م یه‌كێتییه‌دا هاوپه‌یمانی نه‌به‌ستێت دواجار وه‌ك ئێمه‌تان به‌سه‌ردێت.


كارۆخ سه‌ید رزگار سه‌رۆكی حیزبی كڵپه‌ی نیشتیمانی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ی‌ رای‌ گشتی‌ كردووه‌، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئیدی كاتییه‌تی وه‌ڵامی پرسیاره‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان كه‌ بۆم هاتوه‌ بده‌مه‌وه‌"، زۆر كه‌س ئه‌م پرسیاره‌ی بۆ من ناردوه‌ دیاره‌ زیاتر بۆ په‌یجه‌كه‌م هاتووه‌ پێم وابێت زیاتر له‌هه‌زار نامه‌یه‌ك بۆ په‌یجه‌كه‌م هاتووه‌ تۆ پیاوی یه‌كێتی و ده‌زگای زانیاری و له‌م جۆره‌ قسه‌ قۆڕانه‌ جارێك من بۆخۆم سه‌رۆكی حیزبێكم دووه‌م له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ گۆڕی سه‌رۆك مام جه‌لال و خوێنی شه‌هیده‌كه‌م و ته‌واوی شه‌هیدانی یه‌كێتی و برای به‌ڕێز كاك پاڤڵ و كاك قوباد كه‌ دوو كه‌سی زۆر به‌ڕێزن".

كارۆخ سه‌ید رزگار ده‌ڵێت: "من هیچكات ئاماده‌ نیم له‌گه‌ڵ حیزبێك هاوپه‌یمان بم، سه‌دان كون و كه‌له‌به‌ریان تێكردووه‌، ته‌نانه‌ت فه‌رمانی كاك بافڵ و كاك قوباد نایخوات له‌ ناو یه‌كێتی".

سه‌رۆكی حیزبی كڵپه‌ی نیشتیمانی كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "من بۆخۆم گومان ده‌كه‌م مووئامه‌ره‌ی عه‌سكه‌ری و سیاسی له‌ مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی ڕووبدات دژ به‌كوڕانی مام جه‌لال. گه‌ر ده‌ڵێن وانییه‌ من پێیان ده‌ڵێم چۆن خه‌ڵكانێك جووڵه‌ده‌كه‌ن و به‌به‌ڵگه‌ پێیان ده‌ڵێم فه‌رمانی ئێوه‌یان كرده‌ ته‌نه‌كه‌ی زبڵه‌وه‌".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "پێم خۆشه‌ لێره‌دا داوای لێبوردن له‌ هه‌موو ده‌نگده‌رانی حزبه‌كه‌م بكه‌م كه‌ له‌كه‌ركوك كاندیدی حیزبی كڵپه‌ی نیشتیمانی كشانه‌وه‌ و چوونه‌ پاڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئه‌وه‌ی كردمان بۆ گۆڕی مام جه‌لال و خوێنی شه‌هیدانی یه‌كێتی و كاك بافڵ و كاك قوباد بوو".

كارۆخ سه‌ید رزگار ده‌ڵێت: "له‌دوای ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ من دڵنیام هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ڕێخراوه‌كان تێده‌گه‌ن كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی هێنده‌ زه‌لیل بووه‌ ته‌نها ماڵی مام جه‌لال و كوڕه‌كانی وه‌ك یه‌كێتی ماون ئه‌وه‌ی دی كه‌س نازانێت كێن و چۆن بوون به‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "دیاره‌ به‌نده‌ له‌خۆڕا ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ بڵاو ناكه‌مه‌وه‌، زانیاری باش له‌به‌ر ده‌سته‌ كه‌ خه‌ڵكانێكی تازه‌ په‌یدابووه‌ خۆشی نازانێت چۆن بووه‌ به‌ده‌م ڕاستی ئه‌و حیزبه‌، ئێستا له‌باتی خوێنی هه‌موو شه‌هیده‌كانی یه‌كێتی قسه‌ ده‌كات و هه‌رجارێك كاك مه‌لا به‌ختیار وتی نازانێت مێژووی یه‌كێتی چییه‌؟ ته‌نانه‌ت  قسه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی و عه‌ره‌بانه‌چییه‌ك وه‌ك یه‌ك وایه‌ له‌لای، بۆیه‌ كه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌م یه‌كێتییه‌دا هاوپه‌یمانی نه‌به‌ستێت دواجار هه‌روه‌ك ئێمه‌تان به‌سه‌ردێت".

ده‌شڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا دوو ده‌نووكی تیژ و به‌هێز له‌ ناو گه‌رووی ئه‌و حیزبه‌ ده‌رچوون و ڕۆژانه‌ به‌ده‌نووكه‌كانی خۆیان گۆشت له‌ یه‌كێتی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام من نابم به‌سێیه‌م ده‌نووك بۆ یه‌كێتی گۆشتی لێبكه‌مه‌وه‌ له‌به‌ر خوێنی شه‌هیده‌كانی و كوڕه‌كانی مام جه‌لال. هه‌ربۆ زانیاری هه‌موولایه‌ك زۆر كه‌س ویستیان ئه‌م كاره‌ بكه‌م من ڕه‌تم كرده‌وه‌".

سه‌رۆكی حیزبی كڵپه‌ی نیشتیمانی كوردستان راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین به‌سه‌ر دووژمنه‌كانی میله‌ته‌كه‌مان و هه‌ڵپه‌رستان ڕۆژێك دێت پێڵاوی كادرانی حیزبی كڵپه‌ی نیشتیمانی كوردستان ده‌بینم به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵكارانه‌وه‌".

حزبی كڵپه‌ی نیشتیمانی كوردستان چالاكییه‌كانیان زیاتر له‌ سنووری‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌ و لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 670 دەنگیان بەدەستهێنا.

هه‌روه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا چوونه‌ پاڵ‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ده‌نگیان دا به‌ كاندیده‌كانی‌ ئه‌و حزبه‌.


PM:01:42:19/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 4096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت