عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: مووچه‌ی هێزی رۆژی سوریاو حسه‌ین یه‌زدان په‌نا بڕا

‌عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح

وێستگه‌نیوزـ

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، په‌رله‌مانتاری پێشووی كوردستان و سه‌رۆكی ره‌وتی هه‌ڵوێست رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ مانگی حوزه‌یران زیاتر له‌ 991 ملیار دیناری بۆ مووچه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم كردووه‌ و مووچه‌ی هێزی رۆژ و حسه‌ین یه‌زدان په‌ناش بڕاوه‌.


عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا ئاشكرای كردووه‌، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە 4ی ته‌مموزی 2024، بڕی 231 ملیارو 605 ملیۆن دیناری بۆ هه‌رێم نارد، له‌ 9ی ته‌مموزیش 421 ملیارو 760 ملیۆن دیناری دیکەی نارد.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئەمڕۆش 676 ملیارو 36 ملیۆن دینار پارەی هەردوو مانگە کەی هێزی ئەمنی نارد نیوەی ئەو بڕە بۆ مانگی شه‌ش دەکاتە 338 ملیارو 10 ملیۆن دینار.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، واتە بۆ مانگی حوزەیران بەغدا بڕی 991 ملیارو 383 ملیۆن دیناری ناردووە،
كه‌ سەرەتای ئەم ساڵ مووچە 913 ملیار دینار بوو.

ده‌شڵێت: "هێشتا هی مووچەی مانگی حوزه‌یرانی وه‌زاره‌تی کارەبا نەهاتووە، مووچه‌ی هێزی رۆژی سوریاو حسەین یەزدان پەناش بڕاوە، ئه‌ی كه‌وایه‌ ئه‌م زیاد كردنه‌ یانی چی".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمرۆ 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزەکانی پێشمەرگەو دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌شی باسكردبوو، بری 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لەکۆی مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان دروست بووەو ئەو بڕە پارەیە لە شایستەی تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەنێردراوە.


PM:06:42:16/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 4580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت