مه‌سرور بارزانی‌: كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌ هاوكاریكردنی عێراق و هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری شه‌هیده‌كه‌ی‌ ئاسایش ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ *د*ا*ع*ش* هێشتا مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ و پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌ هاوكاریكردنی عێراق و هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ی‌ ته‌مموزی‌ 2024 مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پرسه‌نامه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی و هاوخه‌میی قووڵی خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری شه‌هید جوامێر عه‌زیز ڕه‌شید ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش له‌ قه‌ره‌هه‌نجیر شه‌هید بوو".

مه‌سرور بارزانی‌ ده‌ڵێت: "خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌هه‌شت شاد بكات و سه‌بر و ئارامییش به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان ببه‌خشێت. هه‌روه‌ها هیوای چاكبوونه‌وه‌ی خێرا بۆ برینداره‌كه‌ ده‌خوازم".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌م هێرشه‌ی چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانی *د*ا*ع*ش*، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌، هێشتا مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌".

مه‌سرور بارزانی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌ هاوكاریكردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان".

كاتێكی‌ پێشتری‌ ئه‌مڕۆ دەزگای گشتیی ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند "لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکە جگە لە شەهیدبوونی جوامێر، کارمەندێکی دیکەی ئاسایش بریندار بوو، دوو چەکدارەکەی *د*ا*ع*ش*یش یەکێکیان کوژرا و ئەوەی دیکەیان بە برینداری دەستگیرکرا".


PM:09:04:14/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو