هه‌په‌گه‌: فرۆكه‌یه‌كی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگری تورکیا له‌ ئاسمانی چیای ئاسۆس خرایه‌ خواره‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ده‌ڵێت: لە 12ی ئه‌م مانگه‌ هێزه‌كانی بەرگریی ئاسمانیی قەندیل فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگریی دەوڵەتی تورکیایان لە ئاسمانی ئاسۆس پێکاوە و فرۆكه‌كه‌ لە ناوچەی گەڤەر کەوتووەتە خوارەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە، لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەكه‌ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، لە کاتژمێر 8:54 خوله‌كی ڕۆژی 12ی تەمموزی 2024، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگری تورکیا لە جۆری "ئاکسونور” بە ئاسمانی چیای ئاسۆسدا دەفڕی، لەلایەن هێزەکانی پاراستنی ئاسمانیی قەندیل گورزی لێوەشێندراو دوای بە ئامانجگرتنی ویستی بگەڕێتەوە بۆ باکوری کوردستان، بەڵام لە کاتژمێری 10ی هەمان ڕۆژ لە نزیکی گوندی پیرزالان لە ناوچەی گەڤەری سەر بە جۆلەمێرگی باکوری کوردستان کەوتەخوارەوە و تێكشكا.

هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت: ئەمه‌ 18یەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگری توركیایە کە لەلایەن هێزه‌كانی بەرگریی ئاسمانیی قەندیلەوە دەخرێتەخوارەوە.

ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ دوان له‌ فرۆكانه‌ لە جۆری "ئاکنجی"یە، کە بە وتەی به‌رپرسانی توركیا پێشکەوتووترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە.


PM:04:38:13/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو