قه‌یس خه‌زعه‌لی: هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات بۆ دانانی‌ سنوورێك بۆ ته‌ماحه‌كانی توركیا


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مینداری‌ گشتی‌ عه‌سائیبی‌ ئه‌هلی‌ حه‌ق رایگه‌یاند كه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ی هێرشی ئه‌م دواییه‌ی توركیا ده‌كات، داواشیكرد كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراق بكات بۆ دانانی‌ سنوورێك بۆ ته‌ماحه‌كانی توركیا.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12ی‌ ته‌مموزی‌ 2024 قه‌یس خه‌زعه‌لی ئه‌مینداری‌ گشتی‌ عه‌سائیبی‌ ئه‌هلی‌ حه‌ق ئیدانه‌ی هێرشی ئه‌م دواییه‌ی سوپای‌ توركیای بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی‌ كوردستان كرد.

قه‌یس خه‌زعه‌لی له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ (X) په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئێمه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كانی وڵاتی خۆشه‌ویستمان ده‌كه‌ین".

قه‌یس خه‌زعه‌لی نووسیویه‌تی‌: "له‌ كاتێكدا هه‌ڵوێستی عێراق بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ به‌كارهێنانی خاكی‌ عێراقی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئیستغلالكردنی ئه‌مه‌ وه‌ك پاساوێك بۆ داگیركردنی به‌شێك له‌ وڵاتی خۆشه‌ویستمان له‌ كوردستانی عێراق، و دروستكردنی هێڵێكی سنووری نوێ، به‌ دابڕینی ناوچه‌ به‌رفراوانه‌كانی خاكی عێراق”.

قه‌یس خه‌زعه‌لی‌ ده‌ڵێت: "له‌سۆنگه‌ی‌ به‌رپرسیارێتی، داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵیدا بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو بگرێته‌به‌ر كه‌ سنوورێك بۆ ته‌ماحه‌كانی توركیا له‌ باكووری خۆشه‌ویستمان دابنێت".

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ عه‌سائیبی‌ ئه‌هلی‌ حه‌ق داوای له‌ توركیا كرد كه‌ "رێز له‌ مافه‌كانی دراوسێكه‌ی بگرێت و پابه‌ند بێت به‌ رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و هێزه‌كانی له‌ هه‌موو عێراق بكشێنێته‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ش پشت به‌ عێراق ده‌به‌ستێت بۆ رێگریكردن له‌ هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر زه‌ویه‌كانی له‌ عێراقه‌وه‌".

به‌گوێره‌ی‌ راپۆرتێكی پێشتری‌‌ تیمی كوردستانی عێراقی CPTی‌ ئه‌مریكی‌، له‌ ڕۆژی 15ی حوزه‌یرانه‌وه‌ سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی له‌ سنوری به‌رواری باڵاوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و تائێستا به‌ قوڵایی 15 كیلۆمه‌تر ھاتووه‌ته‌ ناو خاكی ھه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

CPT ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ "له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ نوێیه‌دا تاوه‌كو ئێستا، توركیا (238) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌. به‌هۆی ئه‌م بۆردوومان و هێرشانه‌، زیاتر له‌ (20) هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی و دارستانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ سوتاون. سه‌رباری ئه‌وه‌، نزیكه‌ی (55٪)ی دارستان و ڕه‌ز و باخی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی گوندی سه‌رگه‌لێ به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیاوه‌ سوتاون".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا بوونه‌ته‌ هۆی چۆڵبوونی (162) گوند له‌ هه‌رێمی كوردستان و زیاتر له‌ (602) گوندیش له‌ ژێر مه‌ترسی چۆڵبووندان".


PM:09:40:12/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 4516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو