رێكخراوی ئاشتی جیهانی ئه‌مریكی: له‌ 27 رۆژدا توركیا 285 جار هه‌رێمی كوردستانی بۆردومان كردووه‌


وێستگه‌نیوزـ

رێكخراوی ئاشتی جیهانی ئه‌مریكی (CPT) رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ته‌نها 27 رۆژدا، 285 ئۆپه‌راسیۆنی بۆردومانكردن بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق ئه‌نجامدراوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی 182 خێزان له‌ گونده‌ سنورییه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك ئاواره‌بوون.

كامه‌ران عوسمان، به‌رپرسی نووسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ رێكخراوه‌كه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "سوپای توریكا له‌ ماوه‌ی 27 رۆژدا و له‌ به‌رواری 15 حوزه‌یران بۆ 11 ته‌موزی ئه‌م مانگه‌، 285 جار بۆردومانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و به‌شی هه‌ره‌ زۆری بۆردومانه‌كان، ناوچه‌ سنورییه‌كانی پاریزگای دهۆكی كردووه‌ته‌ ئامانج".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و بۆردومانانه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هه‌شت گوند له‌ قه‌زای ئامێدی، به‌ ته‌واوه‌تی چۆڵبكرێن و"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "نزیكه‌ی 602 گوندی دیكه‌ روبه‌ڕووی مه‌ترسی چۆڵكردن بوونه‌ته‌وه‌".

كامه‌ران عوسمان باس له‌وه‌ ده‌كات، "له‌م ماوه‌یه‌دا، نزیكه‌ی 182 خێزان له‌و گونده‌ سنورییانه‌وه‌ ئاواره‌بوون، به‌شی هه‌ره‌ زۆریان دانیشتوانی گوندی سنوری نیسكا بوون، سه‌رجه‌م دانیشتوانی ئه‌و گونده‌ ئاواربوون كه‌ ژماره‌یان 26 خێزانه‌".

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ "بۆردومانه‌كان له‌ پارێزگای دهۆك، بوونه‌ته‌ هۆی سوتاندنی 65 هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی".


PM:03:07:12/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو