پۆلیسی سلێمانی زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ ده‌ستگیركردنی د.دنیا عادل ئاشكرا ده‌كات

‌سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی

وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ د. دنیا عادل له‌لایه‌ن هێزی‌ ده‌مامكداره‌وه‌ رفێندرابێت، هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی‌ له‌مه‌ودوا هیچ بێڕێزییه‌ك به‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ پۆلیس قبوڵ‌ ناكه‌ن.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی‌ ته‌مموزی‌ 2024 سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "د. دنیا عادل به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر به‌ تۆمه‌تی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی له‌لایه‌ن پۆلیسی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌".

وتیشی‌: "هه‌ندێك كه‌س ده‌نگۆی ناڕاستیان له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و گوایه‌ ئه‌و تیمه‌ی پۆلیسی سلێمانی ده‌مامكداربوون و ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یان رفاندووه‌".

وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و وتانه‌ی‌ باسی‌ رفاندن ده‌كه‌ن، دورن له‌ راستییه‌وه‌ "هیچ رفاندنێك نه‌بووه‌، هیچ هێزێكی‌ ده‌مامكدار نه‌بووه‌، پۆلیس چوون و كه‌سه‌كه‌ش خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ پۆلیس هاتووه‌ بۆ بنكه‌ی‌ به‌ختیاری‌ و به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر ده‌ستگیركراوه‌ و به‌ندكراوه‌".

راشیگه‌یاند كه‌ "بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن یان رۆژنامه‌نووسێك سوكایه‌تی یان ناوزڕاندن به‌رامبه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی بكات ئه‌وا سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین و رووبه‌ڕووی یاسای ده‌كه‌ینه‌وه‌ و لێی‌ خۆش نابین".

ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 10ی ته‌مموزی 2024، نزیك كاتژمێر 8:00 به‌ وته‌ی دایكی دكتۆره‌ دنیا، هێزێكی ده‌مامكدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر شوقه‌كه‌یان له‌ سلێمانی و دكتۆره‌ دنیایان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ و بردوویانه‌.

دایكی ئه‌و دكتۆره‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ گه‌ڕان زانیویانه‌ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی به‌ختیارییه‌، دواتر به‌ بیانووی وێنه‌گرتن براوه‌ بۆ هێزه‌كانی 70 (فه‌رمانده‌یی).

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ هاتنی ئه‌و هێزه‌ هیچ ئاگاداركرنه‌وه‌یه‌ك بۆ كچه‌كه‌ی نه‌هاتووه‌.

وتیشی: "كچه‌كه‌م چه‌ندین جار له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ناوی بافڵ تاڵه‌بانیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌ و جارێكیش ده‌ستگیر كراوه‌".

ده‌شڵێت: "كچه‌كه‌م گیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌".

باسی له‌وه‌شكرد: "ئێره‌ شوێنی ژیان نه‌ماوه‌ و وڵاتی میلیشیایه‌".

كه‌سوكاری ئه‌و دكتۆره‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ شه‌وی رابردوو ئاگادار كراون كه‌ ئه‌مڕۆ دادوه‌ر كچه‌كه‌یان ده‌بینێت و بڕیار له‌ باره‌ی كه‌یسه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌درێت.

له‌وباره‌وه‌ سانا عادل، خوشكی دكتۆره‌ دنیا به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند، له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ له‌دادگاین تا له‌ چاره‌نووسی كچه‌كه‌مان دڵنیا ببینه‌وه‌".

وتیشی: "نزیك كاتژمێر 1:00 دادوه‌ر به‌ كه‌فاله‌ت دكتۆره‌ دنیای ئازاد كرد، به‌ڵام هاوسه‌ری ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ خوشكه‌كه‌م ده‌كرد هاته‌ ئه‌وێ و وتی منیش سكاڵام له‌سه‌ر كچه‌كه‌تان هه‌یه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ تا ئێستا خوشكه‌كه‌م راگیراوه‌، دیار نییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ئازاد ده‌كرێت یان نا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادوه‌رین".

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ دكتۆره‌ دنیا، رۆژنامه‌نووس و پزیشكی ددان له‌ ئه‌كاونته‌ فه‌رمییه‌كانی خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه‌، جارێكیش بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ستگیركراو دواتر ئازاد كراوه‌.


PM:05:15:11/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 31940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو