سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی: ئه‌وه‌ی له نه‌ینه‌وا كرا دروستكردنی فیتنه بوو
وێستگه‌نیوز-
سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ گۆڕینی قائیمقامه‌كانی سنووری پارێزگاكه به "دروستكردنی فیتنه" وه‌سف ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه "بیركردنه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیداره و فیتنه ده‌خاته نێوان پێكھاته‌كان".
ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له زاری نازم ھه‌ركی به‌رپرسی لقی 17ی پارتی له شنگال بڵاویكرده‌وه كه "بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ گۆڕینی به‌رپرسی یه‌كه ئیدارییه‌كانی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، به ته‌واوی نایاسایی و ناده‌ستووری بوو، ئێمه به ھه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌تمان كرده‌وه و پارێزگاریش ناتوانێت بڕیاری نایاسایی و ناده‌ستووری جێبه‌جێ بكات، بۆیه بڕیاره‌كه ڕاگیرا و كاری پێ ناكرێت".
نازم هه‌ركی ده‌ڵێت: "ناكرێ كاری نایاسایی له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌وه ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌ی كرا كوده‌تایه‌ك بوو، به شێوه‌یه‌كی میلیشیایانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه، چونكه بۆ گۆڕینی به‌رپرسه ئیدارییه‌كان، پێویسته ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بكرێت، یاخود له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران یان ھاوپه‌یمانیی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بڕیاری لێ بدرێت، بۆیه بێ گوێدانه ھیچ ڕێكارێكی یاسایی، ئه‌و كاره‌یان كردبوو".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له‌باره‌ی دیاریكردنی به‌رپرسی یه‌كه ئیدارییه‌كان نایاسایی بوو، بۆیه ھه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئێمه ڕه‌تمان كرده‌وه".
وتیشی: "داوا ده‌كه‌ین چیتر بڕیاری نایاسایی و ناده‌ستووری به‌سه‌ر خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وادا نه‌سه‌پێندرێت، به ھۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه جیاوازه له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه و پارێزگای پێكه‌وه‌ژیانه و پێویسته بڕیاره‌كانی به سازان بێت نه‌ك به زۆرینه".
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پارتی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "هه‌ر ئه‌مجاره نا به‌ڵكو هه‌ر كاتێك بڕیاری له‌و شێوه‌یه بدرێت ڕێگه ناده‌ین بڕیاری نایاسایی دژی نه‌ینه‌وا بدرێت، چونكه ئێمه وه‌كو پارتی زۆرینه‌ین و خاوه‌نی زۆرترین ده‌نگین.
نازم هه‌ركی راشیگه‌یاند كه "زیاتر له 142 ھه‌زار ده‌نگمان به‌ده‌ست هێناوه، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م بیركردنه‌وه مه‌ترسیدارانه كه فیتنه‌ی نێوان پێكھاته‌كانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه".
دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر و له رۆژی سێشه‌ممه 2ی ته‌مموز ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به ئاماده‌بوونی به‌شێكی له ئه‌ندامه‌كانی كۆبۆوه و ده‌نگی له‌سه‌ر به‌خشین و گۆڕینی سه‌رجه‌م قائیمقامه‌كانی پارێزگاكه دا و سه‌یدۆ خه‌یری ئه‌حمه‌د به قائیمقامی شنگال هه‌لبژێردرا.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سێ پۆستی وه‌رگرت كه سەردار سیامەند كرا بە قائیمقامی قەزای مەخمور، داود جندی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ و یاسر شێخ عەساف كرا بە بەڕێوەبەری ناحیەی وانكێ.
له به‌رامبه‌ردا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ پۆستێكی پێنه‌درا و به‌وهۆیه‌وه ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد.
PM:08:51:04/07/2024
ئه‌م بابه‌ته 1260
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت