یەكێتی سێ پۆستی لە نەینەوا وەرگرت و پارتیش ئه‌ندامێتی خۆی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ هه‌ڵپه‌سارد


وێسنگه‌ نیوزـ

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، یەكێتی سێ پۆستی لە سنوری پارێزگای نەینەوا وەرگرت، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.

محەمەد كاكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا یەكێتی سێ پۆستی وەرگرت كە سەردار سیامەند كرا بە قائیمقامی قەزای مەخمور، داود جندی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ و یاسر شێخ عەساف كرا بە بەڕێوەبەری ناحیەی وانكێ.

وتیشی، ” پۆستەكان بەركەوتەی هەڵبژاردنە و بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دەنگدان یەكلاكراونەتەوە”.

له‌به‌رامبه‌ریشدا ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.

ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پابەندی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان نەبووە و پێشێلی یاساکانی کردووە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی 140 کە تایبەتمەندی یاسایی و دەستورییان هەیە، ئەو بڕیارەیان داوە.

پێشتریش ئەحمەد نازم دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە كه‌ناڵی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا وتبوی: ناکۆکی هەیە لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکانە یان پارێزگار، یاخود دەبێت لە ناوچەکان هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی یەکەمی ئەو یەکە کارگێڕییانە بکرێت.


PM:09:07:02/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت