بافڵ تاڵه‌بانی: دۆخەكە پێویستی بە هەوڵی هەمووانە و پێویستە لە خەمی داهاتووی خەڵكەكەماندا بین


وێستگه‌ نیوزـ

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چاویکەوت بە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق و قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق.

له‌ دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ فایه‌ق زێدان، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌، بافڵ تاڵه‌بانی، سەرۆکی یه‌كێتی نیتشمانی كوردستان لە نزیکەوە پشتگیری خۆی و حزبه‌كه‌ی دووپاتکردەوە بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوەری عیراق و پێزانینی بێپایانی بۆ پێگە و رۆڵی فایەق زێدان دەربڕی کە لەرابردوودا نیشتمانییانە و دادپەروەرانە لەخزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان و پاراستنی دەستوور بووە، راشیگەیاند بەتوندی ئیدانەی هەر بێڕێزی و دەستبردنێک بۆ سەروەری و سەربەخۆیی دامەزراوەی باڵای دادوەری عیراق و سەرۆکەکەی دەکەین.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، فایەق زێدان، سوپاس و پێزانینی بۆ بافڵ تاڵه‌بانی و و یەکێتی دەڕبڕیوه‌ و پشتیوانییەکانیانی بە دەرفەت و هاندانی زیاتر وەسفکرد بۆ پاراستنی سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری لە عیراق و پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکان و پاراستنی مافە یاسایی و دەستووریەکان لەوڵاتدا، هاوکات باس لە میکانیزمەکانی پەرەپێدان و پێشخستنی توانا زانستی و یاساییەکانی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان کرا.

لەبەشێکی تری دیدارەکەدا جەخت لە بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانیی و چارەسەرکردنی دەستوورییانەی سەرجەم کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک مافی هەموولایەک لەچوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەریدا پارێزراوبێت.

له‌دیدارێكی پیشتریشدا بافڵ تاڵەبانی،  چاویکەوت بە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق و وه‌ك راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێـ: دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا. بەردەوامیی گفتوگۆی لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دووپاتكرایەوە.

لەدرێژەی دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان لایەنەكان كردەوە و رایگەیاند، دۆخەكە پێویستی بە هەوڵی هەمووانە و پێویستە پێكەوە لە خەمی داهاتوو و ژیانی خەڵكەكەماندا بین، هیوادارین هەموولایەك بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و هەنگاوەكانیان لەخزمەت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەكاندا بێت.

چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت پرسی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی كوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكان و پاراستنی مافی هەموولایەك لەچوارچێوەی دەستووردا كردەوە.


PM:08:12:02/07/2024






ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت