حكومه‌تی هه‌رێم: مووچه‌خۆران، ئازادن له‌ به‌بانكیكردنی مووچه‌كانیان له‌ بانكی حكومی یان تایبه‌ت


وێستگه‌نیوز-
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی‌ نووسراوێكی‌ سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی‌ عێراق، مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك هه‌موو مووچه‌خۆرانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئازادن له‌ به‌بانكیكردنی مووچه‌كانیان له‌ بانكی حكومی یان تایبه‌ت.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی‌ ته‌مموزی‌ 2024 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نووسراوی سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی ده‌كات كه‌ وه‌ڵامی نووسراوێكی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك هه‌موو مووچه‌خۆرانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئازادن له‌ به‌بانكیكردنی مووچه‌كانیان له‌ بانكی حكومی یان تایبه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بانكانه‌ی به‌شدارن له‌ پرۆسه‌كه‌دا".

حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: "ئه‌م نووسراوه‌ی دادگای فیدراڵی، هه‌نگاوێكی باش و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ و مووچه‌خۆران ئازاد و سه‌رپشك ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنی بانكه‌كانیان".

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن به‌ پێی ڕێنماییه‌كانی بانكیی ناوه‌ندی عێراق و پێویسته‌ بانكه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕێنماییانه‌دا، درێژه‌ به‌ پرۆسه‌كه‌ بده‌ن".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌موو مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من)تۆمار بكرێن".


PM:04:54:02/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت