سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ پارێزگار و قائیمقامه‌كانی پارێزگای سلێمانی كۆبووه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌میانی‌ كۆبوونه‌وی‌ له‌گه‌ڵ‌ پارێزگار و قائیمقامه‌كانی پارێزگای سلێمانی، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌رچی له‌ توانایاندا بێت ده‌یكه‌ن بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی سلێمانی.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2024 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ شاری سلێمانی، سه‌ردانی باڵاخانه‌ی پارێزگای سلێمانی كرد و له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لێكرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا هاتووه‌ كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و جێگره‌كانی پارێزگا و قائیمقامه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاماده‌ی بوون، پارێزگاری سلێمانی، وێڕای به‌خێرهێنانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ، ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی كار و چالاكیی و پڕۆژه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی خسته‌ڕوو".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتییان و شارو ناوچه‌كانی هه‌رێم بكات".

سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ "هه‌رچی له‌ تواناماندا بێت ده‌یكه‌ین بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی سلێمانی و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان له‌م پارێزگایه‌" .

مه‌سرور بارزانی‌ هه‌روه‌ها سوپاسی كه‌رتی تایبه‌تی كرد كه‌ هاوكار و یارمه‌تیده‌ر و پشتیوانیی كارنامه‌ی حكومه‌ت بوون له‌ بواری بنیاتنانی ژێرخانێكی ئابووری به‌هێز له‌ هه‌رێمی كوردستان.


PM:05:48:30/06/2024












ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت